Ahmet Kaplan
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2018
دیاربه‌كر - AA
له كێڵگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شوتی له دیاربه‌كر شه‌و و رۆژ ئێشكدهگیرێت بۆ پاراستنی ئه‌و شوتیانه له دز و ئاژه‌ڵی كێوی كه له فێستیڤاڵی شوتی كێبڕكێیان پێده‌كرێت كه بریاره مانگی ئهیلوول ساز بكرێت.
شوتی دیاربه‌كر كه له رابردوودا به هۆی قورسی و گه‌وره‌ییه‌وه به حوشتر گوازراوه‌ته‌وه و به شمشێر لهتكراوه له چوارچێوه‌ی "فێستیڤاڵی شوتی و كولتوور" كه ئه‌م مانگه رێكده‌خرێت پێش به‌ڕێوه‌چوونی پێشبڕكێكه به گرنگییه‌كی زۆره‌وه چاودێری و گه‌وره ده‌كرێن.
به‌رهه‌مهێنه‌رانی شوتی له ناوچه‌ی ئهریمل سه‌ربه شارۆچكه‌ی سوور، رۆژانه 24 كاتژمێر ئێشكدهگرن بۆ پاراستنی ئه‌و شوتیانه له دز و ئاژه‌ڵانی كێوی كه به‌تایبه‌تی گه‌وره‌یان ده‌كه‌ن بۆ كێبڕكێكه.
عوسمان ئوچار ته‌مه‌ن 52 ساڵ کە یه‌كێكه له جووتیاران، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "هه‌ر شوتیه‌ك پێبگات یان رێوی كونی ده‌كات یان قه‌له‌ڕه‌ش. دزا ئه‌وه‌ی كون بوو لێیدهكهمهوه و فڕێیدهدهم. ره‌نگه ئه‌و شوتیانه 50 كیلوگرام تێپه‌ڕێنن. خۆی له كێڵگه‌یه‌كدا له‌وانه‌یه لانی زۆر شوتیه‌ك یان دووان گه‌وره ده‌رچێت. به‌شه‌و ئیشكدهگرین بۆ رێوی و به رۆژیش له تاو قه‌له‌ڕه‌ش. پشتیوان به‌خوا ئێمه هه‌ر ئاماده‌ین بۆ كێبڕكێكه جا رێوییش بێت یان قه‌له‌ره‌ش بێت. شوتیهكانمان ده‌به‌ین ئه‌نجام هه‌رچیه‌ك بێت. به‌یانیان كه له خه‌و هه‌ڵده‌ستین كاره‌مان لێره ئێشكگرتنه. ئه‌گه‌ر لێره ئێشكنهگرین ئه‌وا ئاژه‌ڵ و رێوی دێن و شوتی خه‌سار ده‌كه‌ن یان خه‌ڵك دێن و ده‌یبه‌ن، له‌به‌رئه‌وه 24 كاتژمیر ئێشكدهگرین، به شه‌و و رۆژ لێره‌ین".
ئوچار باسی له‌وه كرد كه ئه‌و شوتیانه‌ی به‌رهه‌میهێناون تا ئێستا 11 جار له فێستیڤاڵدا یه‌كه‌م بوون و گوتی: "ته‌نها شوتی گه‌وره به‌رهه‌م ناهێنم به‌ڵكو شوتی راسته‌قینه‌ی دیاربه‌كر به‌رهه‌م ده‌هێنم، پشتیوان به‌خوا دووباره یه‌كه‌م ده‌بین".