Muhammet Kurşun
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
تاران - AA
گوتەبێژى دامەزراوەى وەبەرهێنانى كارەباى ئێران، مستەفا رەجەبى مەشهەدى، رايگەياند، هەناردەكردنى كارەبايان بۆ عێراق هەڵپەساردووە و لەم هەفتەيەشدا تەنها ١٣ مێگاوات كارەبايان بۆ ئەفغانستان ناردووە.
مەشهەدى، لە لێدوانێكيدا بۆ تەلەفزيۆنى فەرميى ئێران، ئاماژەى بەوە كرد كە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرما لە وەرزى هاويندا و كێشەكانى دابينكردنى كارەباوە، هەناردەكردنى كارەبايان بۆ عێراق راگرتووە.
مەشهەدى، ئەوەشى ئاشكراكرد كە سەرەڕاى ئەوەى گرێبەستى دابينكردنى ١٠٠ مێگاوات كارەبايان لەگەڵ ئەفغانستاندا هەيە بەڵام ئەو بڕەيان بۆ ١٣ مێگاوات كەمكردووەتەوە.
مستەفا رەجەبى مەشهەدى، ئەوەشى خستەڕوو كە لە ئێران رۆژانە پێويستيان بە بەرهەمهێنانى ٥٠ هەزار مێگاوات كارەبا بووە بەڵام بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرما بەكارهێنانى كارەبا بۆ ٦٦ هەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە و ئەمەش بوەتە هۆى بڕينى كارەبا لەسەرانسەرى وڵاتەكەدا.
ئێران، كە يەكێكە لەو حەوت وڵاتەى كە لەسەر ئاستى جيهان زۆرترين دراوى ئەليكترۆنى بەكاردەهێنێت، بەهۆى بچرانى بەردەواميى وزەى كارەباوە مامەڵەكردنى بەو دراوەى بۆ ماوەيەكى كاتى قەدەغەكرد.