Hawkar Yaseen
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
شەپۆلێکی دیکەی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان رووەو وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا دەستیپێکردووە و بەپێی ئامارێکی بەردەستی لیژنەی رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ نزیکەی ١٤ هەزار و ٥٠٠ گەنج هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.
لەمبارەیەوە سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و رهوهندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، رێبوار بابکەیی رایگەیاند "بەداخەوە لەبەر هەندێک هەلومەرج و هۆکاری بابەتی شەپۆلی کۆچی گەنجان جارێکی دیکە هێدی هێدی دەستی پێکردووەتەوە و کێرڤی سەرهەڵگرتنی گەنجانی ئێمە رووەو رۆژئاوا بەرزبووەتەوە، بۆیە ئێمە وەک سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و رهوهندى كوردستانی بەدواداچوونێکی قوڵ و مەیدانیمان کرد لەسەر ئەو بابەتە. لە بەرئەنجامی ئەوە، راپۆرتێکمان ئامادەکردووە و تیایدا کۆمەڵێک هۆکارمان دەستنیشانکردووە و کۆمەڵیک چارەسەریشمان وەک راسپاردە ئامادەکردووە کە ١٢ راسپاردەیە و لە دانیشتنی لیژنەکەی خۆماندا یاداشتێکمان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد لەسەر ئەو پرسە گرنگە کە پەیوەستە بە توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا کە کایەکانی بنیاتنان و بەرگریی و ئاوەدانی و هەموو کایە گرنگەکانی کۆمەڵگای لەسەر وەستاوە و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە، بۆیە داوامان کردووە کە دانیشتنێکی پەرلەمان سازبکرێت بەئامادەبوونی وەزیرە تایبەتمەندەکان، وەزیری وەرزش و لاوان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری پلاندانان".
رێبوار بابکەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە راپۆرتەکەماندا چەند ئامارێکمان خستووەتە روو هەرچەند ئامارەکان وردنین، چونکە بەشێکی ئەو ئامارانە پشتی بە پێوەری وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بەستووە کە ئەمساڵ لەلایەن گەنجانەوە وەرگیراوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئامارێکی زۆر ورد نییە بۆ بابەتێکی لەو جۆرە و مەنتقی سەد لە سەدی تیادا نییە لەبەر ئەوەی مەرج نییە هەرکەسێک ڤیزا وەربگرێت بچێتە رۆژئاوا و وڵاتانی ئەورووپا و نەگەڕێتەوە".
سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و رهوهندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، رێبوار بابکەیی دەربارەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستییانن رایگەیاند "ئەوەی ئێستا لەبەردەستمانە نزیکەی ١٤ هەزار و ٥٠٠ گەنج سەریان هەڵگرتووە و رووەو رۆژئاوا کۆچیان کردووە و ٢٧ کەسیش بێ سەروشوێنن، جگە لەوە هەندێک ئاماری دیکەشمان لەبەردەستە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان داوین لە شەش ساڵی رابردوودا، نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس، عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە".
رێبوار بابکەیی دەربارەی زیانەکانی دەستپێکردنەوەی لێشاوی کۆچی گەنجان گوتی: "کۆچ بەپێی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ بابەتێکە و ئەو دەرفەتە دراوە بە مرۆڤ کە مافی نیشتەجێبوونی هەبێت لە هەر جوگرافیایەکی ئەم دنیایە، بەڵام چوونی گەنجان بە لێشاو و پۆل بە پۆل بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر ئاسایشی مرۆیی، چونکە گەنج سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە و ئەگەر بەو فراوانییە کۆچ بەردەوام بێت لە ماوەیەکی دیکە ناتوانین بڵێین کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنجە و هێزی کار و هێزی بەرگریی و هێزی ئاوەدانی و بنیاتنان نامێنێت لە هەرێمی کوردستاندا".
سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و رهوهندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی هۆکارەکانی کۆچی گەنجانیش لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات گوتی: "سەرەکیترین هۆکارەکان، لایەنی ئابووری، دۆخی سیاسیی، ناتەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، نادادپەروەری و گەندەڵی گەنجی ئێمەی تووشی نامۆبوون و بێ ئومێدی کردووە و هەستی نەتەوەخوازی و نیشتمانخوازی لاواز کردووە، بۆیە روو لە دەرەوە دەکات و هەست دەکات کە لێرە بوونی نەماوە و لە جوگرافیایەکی دیکە دەیەوێت خۆی بدۆزێتەوە، جگە لەوە هۆکاری خودی هەیە، گەنج هەیە دەیەوێت بچێت لە رۆژئاوا خواستە خودییەکانی خۆی بەدی بهێنیت و جۆرێکی دیکە بژی".