Zana Natık Kerem
14 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی پێکھەڵپژانی ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف باشووری عێراق، ٢٥ کەس برینداربوون.
دوێنێ شەممە، دەیان کەس لە دەورووبەری باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد، پارێزگار لوئەی یاسری لە پۆستەکەی لابدرێت، دواتر پێکھەڵپژان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی لە فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە میانی پێکھەڵپژانەکاندا، ٢٠ خۆپیشاندەر و پێنج کارمەندی ئەمنی برینداربوون.
لای خۆیانەوە شایەتحاڵەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسیان لەوەکرد کە ھێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، گوللـەی راستەقینەیان بەکارھێنا بە ئامانجی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.
تا ئێستا پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری کە خۆپیشاندەران داوا دەکەن بەھۆی خراپی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکە و گەندەڵییەوە لە پۆستەکەی لابدرێت، ھیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.