Heman Hussein Yaseen
28 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2020
ههولێر - AA
وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت کە مەترسیدارترین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو حاڵەتەیە کە سەرچاوەکەی دیار نییە و نیگەرانیی خۆیشی دەردەبڕێت لە ھەمبەر نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و له كۆبوونهوهكهی دوێنێی لهگهڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جنین پلاسخارت و نوێنهری رێكخراوی تهندروستیی جیهانی له عێراق، ئهدههم ئیسماعیل چهند داواكارییهكی وهزارهتهكهی داوهته شاندی میوان.
وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنهری رێكخراوی تهندروستیی جیهانی له عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''دوای ئەوەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی وەزارەتی تەندروستیی کرد لە کۆبوونەوەیەکدا راپۆڕتێکی تێروتەسەلمان دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خستەڕوو، کۆمەڵێک داواکارییشمان ھەبوو لێیان''.
دکتۆر سامان بەرزنجی لەبارەی داواکارییەکانییانەوە گوتی: ''لە راستیدا دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی زیاتر ببینن لە بواری پشتگیریکردنی پڕۆژەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە داوای ئەوەمان کرد کە خودی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لەسەر بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە دارایی و ئابووریەی کە ئێستا رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، ھەم لە رووی پێداویستی تەندروستیی و ھەم لە بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت''.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی وەڵامی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە داواکارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''بەڵێنیان داوە کە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و پێشووتریش رۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە لە دابینکردنی کەلوپەلی پزیکشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، ئەوەی جێگای دڵخۆشی ئەوان بوو، خۆشحاڵ بوون بە گرتنەبەری رێکارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا''.
دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بە چەند تووشبوویەکی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گوتی: ''جیاوازی ئەم چەند تووشبووە لەگەڵ ئەوانی پێشووتر تەنها لە رووی کاتی تۆمارکردنەکەیە، چونکە ھەندێک وڵات ھەبوو کە پێشتر کۆرۆنای لێ تۆمار نەکرابوو، ئێستا ئەویش تووشی ئەم ڤایرۆسە بووە، بۆیە لە دەورووبەری ئێمەش زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون، ئەمەش وا دەکات کە ئێمە زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بین بۆ ئەوەی بتوانین زاڵ بین بەسەر ڤایرۆسەکەدا''.
گوتیشی: ''ئەو چەند تووشبووەی دوو رۆژی رابردوو، چەند جۆرێک بوون، جۆر ھەبووە بەرکەوتەبووە و جۆر ھەبووە سەرچاوەی تووشبووەکەی نادیارە وەک حاڵەتی تووشبووەکەی کەسنەزان کە ئەمەیان لە ھەمووی مەترسیدارترە''.
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بەو تووشبووەکەی کەمپی پەنابەرانی دارەشەکران، گوتی: ''ئەو تووشبووەی کەمپی دارەشەکران، خەڵکی سووریایە و لە کەرتی تایبەت کار دەکات و لە دەرەوەی کەمپەکە بووە، پێش ئەوەی بچێتەوە کەمپەکە پشکنینی بۆ کراوە و گومانی ڤایرۆسەکەیان لێی کردووە و لە پشکنینی دواتردا، حاڵەتەکەی پۆزەتیڤ بووە''.