Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ بۆ دیارییکردنی هۆکارەکانی کۆچی بەلێشاوی گەنجانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە سنووری بیلاڕووسیا گیریان خواردووە کۆبوونەوە و بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ پرسەکە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، گفتوگۆکرا دەربارەی ئەو دیاردەی کۆچەی لەم چەند رۆژەی رابردوو رووی دا بەتایبەت ئەو دۆخەی بیلاڕووسیا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جددی و بەپەرۆشە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و پەیوەندی کردووە لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وڵاتەکانی دیکە، بەتایبەت بیلاڕووسیا لەڕێگای باڵیۆزخانەی فەخری عێراق لە رووسیا، بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "دیاردەی كۆچكردنی گهنجان دیاردهیهكی جیهانییه، زۆربهی وڵاتانی ئهم ناوچهیهی گرتووهتهوه چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئەفریقا و ههرێمی كوردستانیش بهشێكه لهم ناوچەیە، لەهەمان کاتیشدا دۆخی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ولاتەکانی دەورووبەر و ناوچەکە لە ئاستێکی زۆر باشتردایە، بەڵام سەرەرای ئەوەش حکوومەت بەدواداچوون دەکات بۆ ئەم بابەتە".
گوتیشی: "کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی رێژەی کۆچکردن بەو شێوەیە زیاد بکات هەرچەندە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی دیکە ئێستا رێژەی کۆچکردن کەمترە، بەڵام هۆکارەکان خوێندنەوەی بۆ کراوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لەم کۆبوونەوەیە پێشنیازەکان ئامادە دەکرێت لەڕێگای دروستکردنی لیژنەیەک و دواتر پێشنیازەکان وەک راپۆرتێک ئامادە دەکرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە".
دەربارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دیاردەکە جووتیار عادل گوتی: "هۆکارەکانی کۆچ بابەتی ئابووری و ئەمنی و هەندێک فاکتەری دیکەن کە بەشێکی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەستبەکاربوونی درکی بەو هۆکارانە کردووە بۆیە بە جددی کاری کردووە بۆئەوەی هەلی کار برەخسێنێت بۆ گەنجان، بۆیە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٢٠ هەزار هەلی کاری رەخساندووە، هەندێک بابەتی دیکەش هەن کە پەیوەستن بە حکوومەتی عێراقی بەتایبەت گرفتی نەناردنی بوودجە و چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە، بەشێکیشی پەیوەستە بەوەی ئەم بابەتە کراوە بە بابەتێکی سیاسی و دژی حکوومەت بەکاردێت، ئێمە خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە تاوەکو ئێستا حکوومەت توانیویەتی کێشەی مووچە چارەسەر بکات و کۆمەڵێک گرفتی دیکەشی پەیوەست بە چاکسازی چارەسەر کردووە".
گوتیشی: "بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە شتێکی سەرنجڕاکێشانی سیاسیی هەندێک لایەن دەیانەوێت سەرنج و سۆزی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆخۆیان رابکێشن، بۆیە حکوومەت پەرۆشە و بەجددی کاردەکات و بەزووترین کات راسپاردەی پێویست بەم پرسە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات، بەهیچ شێوەیەک حکوومەت ناچێتە ژێر کاریگەری فەیسبووک و سۆشیال میدیا و کاری خۆی بەجددی دەکات و دەزانێت چی بکات، لەڕیگای ئەو لیژنەیەی پێکدەهێنرێت رێکاری گونجاو و سیاسەتی حەکیمانە پەیڕەو دەکات".
دواتر بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەو بارودۆخەی کە ئێستا ھاتووەتە پێش شتێکی تازە نییە و لە ھەموو دونیادا ھەیە، بەڵام کۆچکردنی یاسایی و نایاسایی جیاوازە، بەداخەوە گەلەکەمان بووەتە قوربانی دەستی قاچاخچییەکان و بازرگانیان پێوەدەکرێت، ھەموو وڵاتان دژی ئەو بابەتەن، ئەو وێنانەی لەسەر سنووری بیلاڕووسیا بینینومانە کارەساتە".
گوتیشی: "بینمان حکوومەتی فیدراڵیی پێش ماوەیەک رۆژانە سێ گەشتی بۆ بیلاڕووسیا ھەبوو، ڤیزاکانییان فەرمیی بوون، ئەوەبوو لەژێر فشاری یەکێتیی ئەورووپا، بەغدا ئەو سێ گەشتەی راگرت، بەڵام دیارە رێگای دیکەی دەدۆزرێتەوە ئینجا بەڕێگای سووریا، لوبنان یان تورکیا بێت، ڤیزاکەیان وەردەگرن و گەشتەکەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام خۆیان دەدەنە دەست چارەنووسێکی نادیار، ئەو دیمەنانەی لەسەر سنوورەکانی بیلاڕووسیا، پۆڵۆنیا، لاتیڤا دەیبینین، کارەساتە، لەنێو ئەو دیمەنانە نەک تەنیا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ھاووڵاتیی عێراقی، خەڵکی ئەفغانی و ئەفەریقاییشی تیادایە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی راشیگەیاند "لەگەڵ کۆنسولخانەی پۆڵۆنیا لە ھەرێم قسەمان کردووە و بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین، ھەروەھا نوێنەرایەتییمان لە پۆڵەندا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە پەیوەندییدایە، بەڵام بەداخەوە کە نوێنەرایەتیمان لە بیلاڕووسیادا نییە، باڵیۆزخانەی عێراقیش لە بیلاڕووسیادا نییە، بۆیە بەدواداچوونی ئەم بابەتە کارێکی ئاسان نییە، خۆشتان دەزانن کە ئەمڕۆ کێشەیەکی نێوان بیلاڕووسیا و یەکێتیی ئەرووپا ھەیە، بۆیە خەڵکانێک بوونەتە قوربانی نێوان ئەم کێشەیە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییانی خۆمان دەکەین، چارەنووسی خۆیان نەدەنە دەست تۆڕی بازرگانییکردن بە مرۆڤ".
سەفین دزەیی راشیگەیاند "پێش ماوەیەک پەیوەندییمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا کرد و گوتی یەکەم جارە رووبەڕووی شەپۆلێکی کۆچبەران ببینەوە، بۆیە ھەوڵدەدەین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ھەر ھاووڵاتییەک بەخواستی خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییان دەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێ نین".
دەربارەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، سەفین دزەیی رایگەیاند "لە بەغدا لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت پێکھێنراوە کە ھەرێمی کوردستانیش تیایدا ئەندامە، ئەمڕۆش ئەو کۆبوونەوەیەمان لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو گرفتانە بکرێت کە بوونەتە ھۆکاری کۆچکردنی ھاووڵاتییان، پێموایە کۆمەڵێک کێشە ھەیە وەکو بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان، چونکە باخ و رەزەکانییان سووتێنراوە، ھەروەھا لە ئیدارەی راپەڕینیش بەھۆی نزیکی قەندیل لەو ناوچەیە، بەھەمانشێوە بووەتە شوێنی شەڕ و ناسەقامگیریی، رەنگە سەرمایەگوزار ئامادەنەبێت سەرمایەگوزاریی بکەن بۆ ئەوەی ھەلی کار بڕەخسێندرێت لە ئیدارەی گەرمیانیش بەھەمانشێوە".
سەفین دزەیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دۆخی سنوورەکانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندای بە کارت و فشاری سیاسی ناوبرد و گوتی: "پێشی ١٠ رۆژ باڵیۆزی بیلارووسیا لە ئەنقەرە سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و ئێمە پێمان راگەیاند کە پێویست نییە ھاووڵاتییانی ئێمە ببێتە قوربانی کێشمەکێشی سیاسیی نێوان بیلاڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا، تا ئەو کاتەی قەیرانەکە چارەسەر دەبێت لە رووی مرۆییە تۆزێک ھاوکارییان بکەن کە تا ئیستا بەداخەوە چەند حاڵەتێکی مردن ھەیە و دوو تەرم ھەیە کە خەریکی گەراندنەوەیانین".
سەفین دزەیی چیرۆکی کۆچبەرێکی کوردی لە سنووری بیلاڕووسیا باس کرد و گوتی: "حاڵەتێک ھەیە دەمەوێت باسی بکەم، خێزانێک ھەبووە ژنەکە دووگیان بووە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مینسک خەوێنراوە و ژنەکە جمکێکی بووە و یەکێک لە منداڵەکان مردووە، ئێستا منداڵەکەی دیکەیان بە بارمتە گرتووە و دەڵێن ئەگەر پارە نەدەن، ئەوا منداڵەکە دەدەنە خانەی بێسەرپەرشتان کە بەڕاستی ئەمە کارەساتە".