Zana Natık Kerem
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
بەمەبەستی ناڕەزاییەتی دەربڕین بەرامبەربە خراپی خزمەتگوازرییەكان بە تایبەتیش رەوشی كارەبا، هاووڵاتییانی دانیشتوی ناحیەی عەكیكە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای زیقار باشووری عێراق خۆپیشاندانیان ساز كرد.
میدیاكانی خۆجێی بڵاویان كردەوە كە دانیشتوانی ناحیەی عەكیكە باشووری رۆژهەڵاتی زیقار خۆپیشاندانیان سازكردووە كە لە میانیدا بۆ ناڕەزاییەتی دەربڕین بەرامبەر خراپی خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتیش رەوشی كارەبا، ئەو رێگە سەرەكییەی كە دەچێتە بۆ ناحیەكەیان داخستووە.
بەپێی میدیاكان لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە حكوومەتی خۆجێی كردووە كە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بۆ دابین بكات بە تایبەتیش كارەبا، هەروەها داواشیان كردووە كە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حكوومییەكان لابدرێن.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی دانوستان و واژووكردنی گرێبەستێك بە بەهای زیاتر لە یەك ملیار یورۆ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وزەی كارەبا لە وڵاتدا، دابوو بە وەزیری دارایی.
بەپێی وەزارەتی كارەبای عێراق، بەرهەمهێنانی كارەبا، دەگاتە 13 هەزار و 500 میگاوات و پلانیش داندراوە كە لە میانی ئەمساڵدا، لەڕێگەی وەگەرخستنی ژمارەیەك وێستگەی نوێ، سێ هەزار و 500 میگاواتی دیكە زیاد بكرێت.