Rewa Mahmood Hasan
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ شەشی ئەیلوول لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی "پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی" راگەیەندرا.
سەرپەرشتیاری دەستەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی، بەیار عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پوختەی پرۆژەکەی ئاشکرا کرد.
بەیار عومەر گوتی: "پڕۆژەکە پاڵپشت بە دەستووری عێراق دانراوە کە تیایدا رێگەدراوە بەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان داوای بە هەرێمبوون بکەن و وەک هەرێمێکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت''.
سەرپەرشتیاری دەستەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لە پرۆژەکە ئەوەیە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان وەک چوار پارێزگا دابنرێن و دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی تەواو بدرێت بە پارێزگاکان.
بەیار عومەر سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گوتی: ''قۆناغی یەکەم داوای بەهەرێمکردنە کە لە سنووری سلێمانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەر هەیە، دەبێت لەو ژمارەیە رێژەی لەسەدا دوو کە دەکاتە ٣٠ هەزار دەنگدەر واژوو کۆبکەنەوە و داوای بەهەرێمکردنی سلێمانی بکەن. دواتر لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەکرێت کە راپرسی بکەن و دەبێت ٥٠+١ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت".
لە ٣٠ مانگی نیسانی رابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی بۆ ئامادەکردنی پرۆژەی لامەرکەزییەت پێکهێنابوو.
لە شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠ خەڵکی ئەو کاتی سلێمانی دژبە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق و دەستەبەرنەکردنی مافی هاووڵاتییان راپەڕینێکیان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی بەرپا کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٢ کەس بە گولـلەی هێزەکانی عێراق کوژران و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.