Heman Hussein Yaseen
16 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2020
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئیف لۆدریان بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی هەولێر بکات.
بەپێی زانیارییەکان، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان دەکات و دواتریش بە بەبەشداری نوێنەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جنین پلاسخارت لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە و دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا تاوتوێی چەند بابەتێک بکات و باسی ئەو پڕۆژانەیش دەکات کە فەڕەنسا بە نیازە وەک هاوکارییەک لە عێراق ئەنجامی بدات.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە کە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دەبەستن.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئێف لۆدریان کە بەرلەوە وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بوو، پێشتر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، یەکەمجاریش وەکو وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، هاوکات رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ جارێکی دیکە سەردانی عێراقی کرد و رۆژی دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.