Zana Natık Kerem
29 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی دەزگای شەھیدانی عێراق، عەبدولئیلاھـ نائیلی رایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک دۆزراوەتەوە و ئاماژەی بەوەیشدا کە گومان دەکرێت رووفاتی نێو گۆڕەکە، کچانی ئێزدی بن کە لەلایەن تیرۆریستانەوە داعشەوە کوژراون.
عەبدولئیلاھـ نائیلی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئاشکرای کردووە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک دۆزراوەتەوە.
راشیگەیاندووە کە گۆڕەکە دوای دۆزینەوەی لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی و ئەندازیاریی کە لە فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی و تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش پێکھاتبوو ھەڵدراوەتەوە و بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، گومان دەکرێت رووفاتی نێو گۆڕەکە کچانی ئێزدی بن کە لەلایەن تیرۆریستانەوە داعشەوە کوژراون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە رووفاتەکان دوای دەرھێنانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، رادەستی بەشی پزیشکی دادوەریی دەکرێن، ئەوەیش بە ئامانجی ناسینەوەی ناسنامەکانیان، بۆ ئەوەی کەسوکاریان وەک قوربانییانی دەستی تیرۆر، قەرەبوو بکرێنەوە.
بەپێی دوایین ئامار کە لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی لەبارەی ئەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سێ ئابی ٢٠١٤، بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال ئەنجامی داوە بڵاوکرابوویەوە تیایدا ئاماژە بەوەدرابوو تا ئێستا ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزاکە، دۆزراونەتەوە.
لە کۆی ئەو ٨٢ گۆڕە بە کۆمەڵە، ٣٢یان ھەڵدراونەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر رووفاتی کوردانی ئێزدی لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەرھێنراون.