Heman Hussein Yaseen
17 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2025
هەولێر - AA
دەستنووس و کتێبە مێژووییەکان زانستێکی بە نرخ پێشکەش بە کولتوور، ھونەر و شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەکەن، پێش دروستبوونی چاپخانە، بەڵگەنامەکان بە دەست نوسراون و ئامرازی سەرەکی پاراستن و گواستنەوەی زانست بوون، ئەم دەستنووسانە بریتیی بوون لە کتێبە پیرۆزە ئایینییەکان، پەیامە فەلسەفییەکان، زانست و بەرھەمی ئەدەبی و بابەتەکانی دیکە.
لە تەکیەی هیرانی سنووری پارێزگای هەولێر، چەند دەستنووس و کتێبێکی کۆن هەڵگیراون کە سەردەم و مێژووی جیاوازیان هەیە و یەکێک لە دەستنووسەکان تەمەنی ٧٢٨ ساڵە کە چوارینە شیعرێکە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئێلخانییەکان دەگەڕێتەوە و دوای ئەوەیش چەندین دەستنووس و کتێبەکانی سەردەمی عوسمانییەکان لە یەکێک لە ژوورەکاندا پارێزراوە.
دەستنووسەکە بریتییە لە لاپەڕەیەکی دیوانە شیعرێک کە ساڵی ١٢٩٧ی زایینی بە زمانی فارسی نوسراوە لەلایەن شاعیر عەلی عومەر ئەحمەد، ناسراو بە ئەنوەری، ئەو شاعیری دەوڵەتی سەلجووقییەکان بووە لە سەردەمی مەغۆلەکاندا و کۆی دیوانەکە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ١٩٦١ بۆ سەر شارۆچکەی هیران، لە نێوچوون و تەنیا لاپەڕەیەکی دیوانەکە ماوەتەوە.
هەروەها لە نێو ئەرشیف و دەستنووس و کتێبەکاندا، چەند کتێبێکی تێدایە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان و لەسەر ئەرکی سوڵتان عەبدولعەزیز چاپکراوە و تەمەنی نزیکەی ١٧٠ ساڵە.
هەموو ئەو ئەرشیفانە لەلایەن نەوەیەکی کاکی هیرانەوە پارێزراوە و ئێستاش لە ژوورێکی تەکیەی کاکی هیران لە نێو شووشەدا هەڵیگرتوون بۆ ئەوەی لە فەوتان و لەناوچوون بیانپارێزێت.
لە بارەی دەستنووس و ئەرشیفەکانی تەکیەی کاکی هیران، هانا کاکی هیران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەموو دونیادا دەستنووس خاوەن بەهایەکی بەرزە و پارێزگاری لێ دەکرێت، بە تایبەت لەناو ئۆمەتی موسڵماناندا کە زاناکان شتی گرانبەهایان نوسیووە و ئێمەش لەم زانا گەورانە بێبەش نەبووینە بە تایبەت لە ناوچەی خۆشناوەتی کە قوتابخانە و حوجرەی زۆر هەبووە و لەوێیەوە زۆرێک لە دەستنووسی زاناکانمان پارێزراوە".
هانا کاکی هیران گوتیشی: "بەپێی ئەوەی کە ناوچەی هیران بنکەیەکی سەرەکی بووە بۆ لایەنی زانست و ئایین و تەریقەت، هەروەها بەهۆی بوونی پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا بۆیە ژوورێکی تەکیەکەمان تایبەت کردووە بۆ پاراستنی دەستنووس و ئەرشیفەکان، لە ساڵی ١٧٠٠ بەدواوە ئەم دەستنووسانە کۆکراونەتەوە بە تایبەت لە سەردەمی کاک عەبدوڵڵای سانی کە دەکاتە باوکی شاعیر سافی هیرانی".
لەبارەی ژمارەی دەستنووس و بەڵگەنامەکانەوە، هانا کاکی هیرانی گوتی: "لە ڕاستیدا بە گشتی زیاتر لە ٥٠٠ دەستنووس و بەڵگەنامە لە تەکیەی هیران بوونی هەبووە لە کاتی خۆیدا بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ و بەهۆی ئەوەی ناوچەی هیران شوێنێک بوو بۆ پاڵپشتی لەو شۆڕشە بۆیە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ناوچەکەیان بە ئامانج گرت و یەکەم مووشەک بەر تەکیەی هیران کەوت و بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لەو بەڵگەنامە و دەستنووسانە سووتان و لەناوچوون، توانرا ئەوانەی کە ماون پارێزگاری لێ بکرێت بەڵام جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٨٧ هیران بۆردوومانکرا و بەشێکی دیکەی ئەرشیفەکان لەناوچوون، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە چەند دانەیەکن لە زانستی نحو، ئاداب و تایبەت لە بواری ئەدەبیات کە هەندێک شیعری شاعیران و ئەدەبیاتی تورکی، فارسی و عەرەبییە".
هانا کاکی هیران گوتیشی: "لەناو ئەو دەستنووسانەش کۆنترین دەستنووسی هەرێمی کوردستان لە تەکیەی هیراندا هەیە کە دیوانە شیعرێکی شاعیر عەلی کوڕی عومەری کوڕی ئەحمەد ناسراو بە ئەنوەری شاعیری دەوڵەتی سەلجووقییەکان لە سەردەمی ئیلخانییە مەغۆلەکان بووە و ئەو دیوانە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لەناو چووە و تەنیا یەک لاپەڕەی ماوەتەوە کە چوارینە شیعری تێدا نوسراوە و شیعرەکە عیرافانییە و بە زمانی فارسی نوسراوە، لە کۆتاییدا نوسراوە دیوانی ئەنوەری تەواو بووە لە بەرواری ٦٩٦ی هیجری بەرامبەر ١٢٩٧ی زایینی، کە دەکاتە ٧٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا، هەرچەندە مێژووی کۆچکردنی ئەنوەری ڕوون نیە، بەڵام بەشێک لە توێژەر و لێکۆڵەرەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەنوەری لە نێوان ساڵانی ٥٢٠ تاوەکو ٥٨٥ی کۆچی ژیاوە، بەڵام لە خوارەوەی دەستنووسەکە نوسراوە پێداچوونەوەی بۆ تەواوکرا لە ساڵی ٦٩٦ی کۆچی کە دەکاتە ١٢٩٧ـی زاینی و ئەمەش پێشبینی دەکرێت کەسێک لەم ساڵەدا دەستنووسەکانی کۆکردبێتەوە و لە دیوانێک چاپی کردبێت چونکە دەستنووسەکە مۆری شاعیری پێوەیە و ئەمەش بەڵگەیە کە دەستنووسەکە شاعیر لە سەردەمی خۆیدا نوسیوویەتی".
هەر لە نێو تەکیەکەدا دەستنووسێکی دیکە هەیە پانییەکەی ٢٥ سانتیم و درێژییەکەی شەش مەترە، ئەمە مێژووی بنەماڵەی کاکی هیرانی دەگەڕێتەوە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٣٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا و لەمبارەیەوە هانا کاکی هیران گوتی: "دەستنووسێکی دیکە هەیە لە ساڵی ١١٤٤ی کۆچی نوسراوەتەوە (١٧٣١ی زایینی) کە نزیکەی شەش مەتر درێژە و تۆمارێکی مێژووییە کە دەربارەی مێژووی بنەماڵەکەمان و مەزهەب و تەریقەتەکانە و بەشێکی دیکەش باس لە فەرمایشتی شێخ عەبدولقادری گەیلانیی دەکات، هەروەها دەستنووسێکی دیکە هەیە لە ساڵی ١٧١٨ی زایینی نوسراوە دەربارەی زانستی نحو، جگە لەوەش هەندێک ئەوانی دیکەش دەستنووسەکانی کاک مەلا عەزیزن کە دووەم کوڕی سافی هیرانی بووە باس لە زانستی نحو، بەلاغە و مەنتیق و کەلام دەکات".
جگە لە دەستنووسەکان هەندێک کتێبی سەردەمی عوسمانییەکان هەیە و لەبارەی مێژووی کتێبەکان، هانا کاکی هیران گوتی: "هەندێک کتێبی سەردەمی عوسمانییەکان هەیە، بە دیارییکراوی زۆرینەی کتێبەکان لە سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیزی عوسمانی نوسراوە لەسەر ئەرکی جەنابیان چاپکراوە، ئەوانیش باس لە نحو، بەلاغە دەکەن و زیاتر کتوبی شەرعین لە فیقهی ساداتی شافیعی، مێژووەکانییان بۆ ساڵی ١٨٠٠ بەدواوە دەگەڕێتەوە نزیکەی ١٧٠ ساڵ لەمەوبەرە".
کاکی ھیران یەکێکە لە لقەکانی تەریقەتی قادری ئەم ڕێبازە دەگەرێتەوە بۆ شێخ عەبدولقادری گەیلانی و دەکەوێتە شارەدێی ھیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا، ئەم تەکیەیە ژمارەیەکی زۆر مورید و شوێنکەوتووانی لە ناوچە جیاجیاکاندا ھەیە و، سەدان ساڵە دەروێشانی ڕێبازی قادری بۆ زیکردکردن ڕووی تێدەکەن.