عێراق

هاووڵاتیانی هەڵەبجە دڵخۆشن بەپارێزگا بوونی شارەکەیان

Hemin Othman Mohammed  | 17.04.2025 - نوێکردنەوە : 18.04.2025
هاووڵاتیانی هەڵەبجە دڵخۆشن بەپارێزگا بوونی شارەکەیان

Arbil

هەڵەبجە – AA

بەپارێزگا بوونی شاری هەڵەبجە بووە مایەی دڵخۆشی گشت چین و توێژەکانی شارەکە و، بە بچوکترین دیاری بۆ قوربانیدانی شارەکە لە قەڵەمی دەدەن.

ڕۆژی دوو شەممە، ١٤ی نیسان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکدا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی ھەڵەبجەی پەسەند کرد، بەوەیش شارەکە بووە ١٩هەمین پارێزگای عێراق.

لە دوای پەسەند کردنی پرۆژە یاساکە و بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، گشت چین و توێژەکانی شارەکە دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربڕی.

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە میانی سەردانی شاری هەڵەبجەدا، دیمانەیەکی لەگەڵ بەرپرسی کۆمەڵەی قوربانینای کیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر محەمەد ئەنجامدا.

سەبارەت بە پەسەند کردنی پرۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە وەک ١٩هەمین پارێزگای عێراق، لوقمان ڕایگەیاند: "بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ کەسوکاری شەهیدان، قوربانیانی هەڵەبجە و سەرجەم خەڵکی شارەکە کە ئەگەر وارسی شەهید و وارسی بەرکەوتەی کیمیاباران نەبن بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان قوربانییان داوە. لە ڕووی مەعنەویەوە کارێکی زۆر گەورەیە".

گوتیشی: "خەڵکی هەڵەبجە و قوربانیانی هەڵەبجە بە ئومێدی ئەوەن لە دوای ئەم بڕیارانەی کە هەڵەبجە بە فەڕمی دەبێتە پارێزگا گۆڕانکاری لە هەموو بەشەکانی ژیانی ئەم شارەدا بکرێت، ئەم شارە بە جددی ئیشی بۆ بکرێت، ئەو قوربانییانەی کە هەڵەبجە داوێتی چ لە ڕووی یاساییەوە، چ لە ڕووی قەرەبووەوە و چ لە ڕووی دانیشتوانەکەیەوە هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگیرێت بۆ قەرەبووکردنەوە".

لوقمان ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە هۆکارەکانی پەسەند کردنی پرۆژە یاسای بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە ناڕاستەوخۆ داننانە بە جینۆسایدی هەڵەبجەدا و، گوتی: "دیارە ئەمە بەپێی ئەو یاسایەی خوێندرایەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕاستەوخۆ داننانە بە جینۆسایدی هەڵەبجەدا، بۆیە هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا. لەبەرئەوە گرنگە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو خاڵانەی کە پێویستە بۆ هەڵەبجە ئیش بکرێت لە ڕوانگەی ئەو یاسایانەوە ئیشی بۆ بکەن و، هەڵەبجە لەو قەلەقی و لەو دڵەڕاوکێیەی لە ڕابردوودا هەبوو سوپاس بۆ خودا ڕزگاری بوو".

ڕاشیگەیاند: "هیوادارین خەڵکی هەڵەبجە بەو ئومێدەی کە ئێستا لەسەری هەڵچنیەوە بگاتە ئاکامێکی باش، بەرهەمی قوربانییدان و گۆڕانکارییەکان لە واقعی شارەکەدا ببینێت".

بەرپرسی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان، بە گرنگی دەزانێت لە دەرەنجامی بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیانی شارەکە بووە، لایەنە سیاسییەکان کاری لە پێشینەیان خزمەتکردن بێت بە کەسوکاری شەهیدان و قوربانییەکان، بۆ ئەوەی چیتر خەم و ئازارەکانیان بە هەڵواسراوی نەمێنێتەوە. هەموو بەرنامەیەک دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی قوربانییەکان هەیانە.

گوتیشی: "پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان دەکەین، دیارە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و، ئازاری بەرکەوتووەکان و، گرفت و کێشەی منداڵە ونبووەکان و وارسەکانیان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە هەڵەبجە ئەمڕۆ ببێتە پارێزگا. بە دڵنیاییەوە من سوپاسی سەرجەم ئەو خەڵک و کەسایەتیانە چ سیاسیی چ کۆمەڵایەتیی دەکەم کە سەدان پەیوەندی بە ئێمەوە کراوە پیرۆزباییان لێکردووین".

هەروەها لوقمان هیوای خواست کەسوکاری شەهیدان و خەم و ئازارەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.

سێ هاووڵاتی عەرەبی دانیشتووی ناسریە لە باشووری عێراق بە ناوەکانی عەقیل رەسول، خالید عەباس و حەیدەر عامر کە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردبوو، دڵخۆشی خۆیان بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە ڕاگەیاند و، گوتیان: "بەڕاستی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە زۆر خۆشحاڵبووین، چونکە خەڵکی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕووبەڕووی ھێرشی کیمیایی بوونەوە، کە بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار هاوولاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا".

گوتیشیان: "خەڵکی ھەڵەبجە، خەڵکێکی زۆر باش و لێبووردەن، شایەنی ئەوەن شارەکەیان کرا بە پارێزگا، ئێمەیش ھاتووین بۆ ھەڵەبجە تا پاڵپشتی لە خەڵکی ھەڵەبجە بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın