Zana Natık Kerem
19 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر ژمارەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە ھەرێم ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ١٠٠ دۆسیەی دیکەیش لە رێرەوی دادگاییکردن دان.
ئەحمەد ئەنوەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە دەستەکەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، راپۆرتی خۆیان لەبارەیەوە پێشکەش کردبوو و رایگەیاند کە دەستەکەیان تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لە سەدان دۆسیەی گەندەڵی کردووە و گوتی:
" لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیەی گەندەڵی بەسەرپەرشتی دادوەرانی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەکرێت".
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کردووە کە ھێشتا گەندەڵی مەترسییەکی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوتی: "لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵییدا ھەیە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ھەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و گیرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵییەوە دەبێت، ھەروەھا داواکارییەکان لەبارەی گێرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
ئەحمەد ئەنوەر نەیشاردەوە کە ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتیی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتیی.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ھەموو ئاستەکاندا، کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن و گوتی: "لەئێستادا، ١٠٠ دۆسیەی گەندەڵییمان ھەیە کە لە رێرەوی دادگاییکردن دان".