Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبارەی ئەو ھەڕەشە توندوتیژییەی کە دوای ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە.
وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ژمارەیان ١٥ وڵاتن، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە١٠ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بڵاوکردەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنە و ھەڕەشەی لەلایەن ئەو پارت و لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکاندا، شکستیان ھێناوە، ئاراستەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: " نیگەرانیین کە بەم دواییانە ھەڕەشەی توندوتیژی لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ھەروەھا، کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق کراوە".
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوەکەدا جەختیان لە بانگەوازەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کردووەتەوە کە لە ١١ی رایگەیاندبوو و تیایدا داوای لە ھەموو لایەنەکانی عێراقی کردبوو کە دانا بەخۆدا بگرن و پابەندبن بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان و ھاتووە: "جەخت دەکەینەوە کە پێویستە ھەموو ناکۆکییەک لەسەر ھەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی، بە ئاشتییانەو لە رێگای یاساوە چارەسەر بکرێت".
رۆژی چوارشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە پابەندە بە پاراستنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و نێردەکانی دیپلۆماتییەکانی دیکە لە عێراق.
ئەمەیش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئەگەری ھەیە لایەنگرانی ئەو لایەنانەی شیعە کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی کەمیان ھێناوە، ھەڵبکوتنە سەر ناوچە سەوز ناوەڕاستی بەغدا کە باڵەخانەی حکوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی و نێردە دیپلۆماتییەکان لێیە، لە رووی ئەمنییەوە تەواو پارێزراوە.
لە رۆژی سێشەممەوە ١٩ی تشرینی یەکەم، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی ئەو لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی کەمیان ھێناوە لە نزیک ناوچەی سەوز ناوەڕاستی ئەمانەتی بەغدا، ئەنجام دەدرێت و لە میانیدا ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەت دەکەنەوە و داوا دەکەم دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست ئەنجام بدرێتەوە.