Rawan Subhi Obaidullah
15 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2022
دھۆک - AA
یەکێک لە رزگاربووانی ئەنفالی بادینان بە ناوی فاخیر تاھیر مستەفا کە خەڵکی گوندی کۆرێمەی سەربە ناحیەی مانگێشکێی پارێزگای دھۆکە بە ئاژانسی ئانادۆلۆ رایگەیاند "سوپای رژێمی بەعس لە پرۆسەی ئەنفالدا رۆژی ٢٨/٨/١٩٨٨ گوندەکەمانی داگیر کرد، ئەو کاتە تەمەنم ١٣ ساڵ بوو کە ئێمەیان دەستگیرکرد، یەکەم جار ژن و پیاو و منداڵیان لە یەکدی جیاکردەوە، دوو جار منیان بردە ناو ریزی پیاوان و دواتر کە زانیان من منداڵم بەبەر گولـلەبارانکردن ناکەوم دەریان ھێنام".
فاخر تاھیر چیرۆکی ژیانی خۆی لە مەرگەساتی ئەنفال دەگێرێتەوە و دەڵێت: "٣٣ کەسیان لە گوندی ئێمە و گوندی چەلکێ لەناو گوندی کۆرێمە ریز کرد و گولـلەبارانیان کردن کە دووانیان ئامۆزای من بوون، ئەوانەی گولـلەباران کران ھەر یەک لە: (خەلیل محەمەد عەبدوڵڵا کۆرێمەیی، ئەحمەد یەعقوب قاسم چەلکێیی، زاھر مستەفا کۆرێمەیی، حەجی سلێمان ئیسماعیل کۆرێمەیی، محەمەد یەعقوب چەلکێیی، زوبێر مستەفا کۆرێمەیی، ئەکرەم فەتاح چەلکێیی، نوری عەبدولقادر چەلکێی، عەبدولڕەحمان حوسێن کۆرێمەیی، خالید مستەفا کۆرێمەیی، جەبار حەمید کۆرێمەیی، عەبدولسەلام خەلیل کۆرێمەیی، عەبدولستار شەریف چەلکێیی، مراد عەبدولحەکیم چەلکێیی، حەمید عەبدوڵڵا کۆرێمەیی، سەلاح مستەفا کۆرێمەیی، سەلام حەسەن کۆرێمەیی، فەتاح محەمەد چەلکێیی، ساڵح حەسەن کۆرێمەیی، رەشید جەعفەر چەلکێیی، موسا شەریف چەلکێیی، سەگڤان حوسێن قادر کۆرێمەیی، سەدیق عەبدوڵڵا کۆرێمەیی، فازل حەسەن چەلکێیی، شەعبان حسێن کۆرێمەیی، موراد ئوسمان کۆرێمەیی، عەدنان خەلیل کۆرێمەیی) بوون، ئەم ٢٧ کەسە لە شوێنی رەمیەکە کوژران و شەش کەسی تر لەبن لاشەی کوژراوەکان بە زیندوویی مانەوە، سوپا پێی نەزانی، بە ناوەکانی (قەھار خەلیل، ئەبابەکر عەلی، کەریم نایف، ھاشم محەمەد و سدقی عبدولقادر) ھەروەھا فەتاح عەبدولقادریش لە گولـلەبارانکردنەکە بە زیندوویی رزگاری بوو، بەڵام کە لە بن لاشەکان دەرچوو و ھەڵات جارێکی تر کەوتە دەست سوپا و تا ئێستا بێ سەروشوێنە".
بەپێی قسەی فاخیر تاھیر مستەفا "دوای گولـلەبارانکردنی ئەم ٣٣ کەسە، سوپا تەرمەکانیان بەجێی ھێشت و کەسیش نەیدەوێرا تەرمەکانیان بنێژێت، دوای ماوەیەک مەلای مانگێشکێ لەگەڵ چەند کەسێک ھاتن و ھەندێک خۆڵیان خستە سەر لاشەکان، دواتر لە ساڵی ١٩٩٣ لاشەکانمان دەرھێنا و لە گوندێ کۆرێمە ناشتمان".
فاخیر تاھیر مستەفا گوتی: "دواتر ئێمەیان برد بۆ مانگێشکێ لەوێ بردیان بۆ قوتابخانەیەک دوو شەو لەوێ ماینەوە و دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ قەڵای نزارکێ حەوت رۆژ لە قەڵای نزارکێ ماینەوە و دواتر گواستراینەوە بۆ قەڵای سەلامییە، ١٨ رۆژ لەوێ بووین و سەدام حوسێن سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لێبوردنی گشتیی دەرکرد، ئێمەش بەر لێبوردنەکە کەوتووین و گواستراینەوە بۆ کۆمەڵگای بەحرکە".
فاخیر تاھیر مستەفا باسی پرۆسەی ئەنفالی کرد کە زۆر کەسی نزیکی لە دەستداوە، ئەوانیش باوکی لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ بە بەرچاوی دایکی لە قەڵای نزارکێ بە بلۆک کوژرا و خۆشکێکی بە ناوی فەرمان کە تەمەنی دوو مانگ بوو لە بەحرکە لە برسان گیانی لە دەست دا، بەھۆی نەبوونی شیری منداڵان.
ئەم رزگاربوویەی ئەنفال باسی رەفتاری سوپای عێراق دەکات کە لە قەڵای نزارکێ گیرابوون و گوتی: "یەکەم وەجبە ئێمەیان بردە قەڵای نزارکێ، زۆر ناخۆشیمان بینی، زۆریان لێدەداین و بە تەنھا نانێکی وشکیان دەداینێ و زۆر بێویژدانانە رەفتاریان لەگەڵ دەکردین لە قەڵای نزارکێ ئێمە نەدەوێراین خۆمان بەدیار کەین، چونکە ھاورێیەکم ھەمان تەمەنی منی ھەبوو، بەڵام توزێک باڵای لەمن بەرزرتربوو بردیان و زیندەبەچاڵ کرا".
فاخیر یەک داواکاری ھەیە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەویش گۆڕی باوکی بۆ دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی دڵیان مورتاح بێت و ھەر ھیچ نەبێت کە کوڕی دێتە سەر گۆڕەکەی بزانێت ئەمە گۆڕی باپیریەتی و گوتی: "باوکیشم یەکێک لەو ١٣ کەسانەبوو کە لە قەڵای نزارکێ بە بلۆک کۆشتیان".
ئەو ١٣ کەسەی لە قەڵای نزارکی لە ساڵی ١٩٨٨ کوژران لە گۆرستانی شاخکێ نێژراون، دوای راپەرین ئەو تەرمانە ئاشکرابوون لە ساڵی ٢٠١٨ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە رێوڕەسمێکدا تەرمی ئەو ١٣ کەسەیان بۆ قەڵای نزارکێ گواستەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی پشکنینی "DNA" تا ئێستا نازانرێت ناوەکان کێن.