سلێمانی-AA رەوا مەحمود حەسەن
کارەساتی ئەنفاڵ کە بە پرۆسەی جیاجیادا لەڕێی کاربەدەستانی رژێمی بەعسەوە ئەنجام درا، چیرۆکی لەناوبردنی گەلێک بەدەستی فەرمانڕەوا دیکتاتۆرەکەی خۆی.
ئەوانەی لە ئەنفالدا بران بۆ نێو چاڵەکان، هەموویان مردن، بەشێکی زۆریشیان برانە دەستی مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بۆیە چیرۆکەکانی ئەنفال نەدەگەیشتە کەس، تاوەکو کەسێک بەناوی تەیمور، دۆزڕایەوە و تەواوی چیرۆکی مەرگەساتەکەی بۆ گشت دونیا ئاشکرا کرد.
ئاژانسی ئانادۆڵو چیرۆکی مەرگەساتی ئەنفال وەک خۆی لە زاری رزگاربوویەکی پرۆسەی ئەنفال بەجیهان دەگەیەنێت، ئەویش تەیمور عەبدوڵڵایە کە ناسراوە بە تەیموری ئەنفال.
تەیمور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وەک خۆی باس لە تەواوی پرۆسەی ئەنفال دەکات و تەواوی چیرۆکە مەرگەساتەکەی ئەو ماوەیە بۆ ئانادۆڵو دەگێڕێتەوە و دەڵێت''من ناوم تەیمور عبدوڵڵا ئەحمەدە لە دایکبووی ١-١-١٩٧٦م لە گوندی هەوارە بەرزەی سەربە گەرمیان لە دایک بووم، خێزانەکەمان پێکهاتووە لە شەش کەس کە خۆم کوڕێکی تاقانەبووم و سێ خوشکم هەبوو، لەدوای لە دایکبوونی من چوینە گوندی کوڵەجۆ لەوێ دەستمان کرد بە ژیان و نیشتەجێ بووین، باوکم بە کاری جووتیارییەوە سەرقاڵ بوو".
تەیمور لەبارەی منداڵیی خۆی لەو سەردەمەدا دەڵێت ''منداڵیی ئێمە ناتەندورست بوو لەبەر ئەوەی رژێمی بەعس بە شەو و رۆژ تۆپبارانی ناوچەکەی ئەکرد، تەنانەت رحمیشیان بە ئاژەڵەکانیش نەدەکرد، بۆیە ئێمە نەمان توانیوە ژیانێکی سادەش بژین، هەموو کات لەژێر تۆپبارانکردنا بووین، تەنانەت وامان لێ هاتبوو نەم ئەتوانی لە ماڵەکانی خۆشمانە بژین لە شاخ و ئەشکەوتەکانە ئەژیان، لەبیرمە ئەوکاتە مامۆستاکانمان پێیان دەگوتین هەرکاتێک گوێتان لە دەنگی تەیارە بوو خۆتان لە پشتی دیوارەکان بشارنەوە هەتا هیچتان لێ نەیەت. منداڵی ئێمە بە دەنگی تەیارە، تۆپ و هاوەن بەسەرچوو''.
تەیمور بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی کارەساتەکە و چۆنیەتی دەستپێکردنی پرۆسەکە و دەڵێت ''ئەو رۆژەی کە ژیانمان وێران کرا لە بەیانیکی زووە گوێمان لە دەنگی تەیارە بوو تەواو خەڵکەکە شڵەژابوو، چونکە زانیاری هەبوو کە لە دوای ئەو کارەساتەی هەڵەبجە تەواوی گوندەکانی تریش وێران دەکرێن، خەڵکەکە لە ماڵی خۆیاندا پارچەیەک پەڕۆی سپییان هەڵواسیبوو بە مانای ئەوەی کە ئێمە هاووڵاتی سڤیلین و سەربە هیچ شتێک نین و تەسلیمین، دواتر هەمووان بەرەو لادێی ملە سوورە بەڕێکەوتن، خەڵکە سڤیلەکانیان کۆکردەوە بە ناوی ئەوەی کە جێگایەکی تازەتان بۆ دروست کراوە دەتان بەینە ئەوێ دواتر بەڕێکەوتین بۆ ناوچەی سموود دووبارە هەموو کۆکراینەوە، ئەوەی تراکتۆری خۆی هەبوایە بەوەی خۆی ئەڕۆی ئەوەشی نەیبوایە ئەوە حوکمەت بە ئیڤاکانی خۆیان دەیان برد هەموومانیان برد بۆ قۆرەتوو لەوێ لە سەربازگەیەکی حزبی بەعس دایانناین شوێنێک بوو کە زۆر پیس بوو هیچی لێ نەبوو کە بیخۆین خەڵکە کە بەوە ئەژیان کە خۆیان ڵەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان، لەوێ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەوێ مابوینەوە دواتر بە سەیارەی مەدەنی و عەسکەری هەموومانیان برد بۆ تۆپزاوە لە کەرکووک".
- "دواجار کە باوکم بینی ١٥ دیناری خستە گیرفانمەوە و پێی گوتم ئاگات لە دایکم و منداڵەکان بێت، ئەوە دوایین دیدارمان بوو لەگەڵ باوکم"
تەیمور بە چاوێکی فرمێسکاویی بەڵام لەخۆبۆردووانە، باس لە دوایین دیداری خۆی و باوکی دەکات و دوایین گوتەی خۆی و باوکی لەڕێی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت ''لەوێ (تۆپزاوە) ژن و منداڵیان بە جیا دانا و پیاوەکانیشیان بە جیا دانا، لەوکاتەدا توانیم لەگەڵ باوکما قسە بکە پێی گوتم کە ئیتر ئەبێت من جێگای ئەو بگرمەوە ئاگام لە دایک و خوشکەکانم بێت لەوێدا ١٥دیناری پێدام بۆ ئەوەی دواتر کە چوومە بازاڕ شت بۆ خوشکەکانم بکڕم، چونکە لەوێ کەس بڕوای نەدەکرد کە چی لێ بەسەریەت بۆیە ئەوە کۆتا جارم بوو کە باوکمم بینی من تەمەنم ١٢ ساڵ بوو لەگەڵ دایکم و ئەوانا دایان نام، بۆماوەی ٣٠ رۆژ لەوێ ماینەوە دواتر ئاگامان لێ بوو کە پیاوەکانیان بەڕووتی ئەبرد دەرەوە و نەمان ئەبیننەوە کە چیان بەسەر ئەهات، ئەو شتەی کە ئێستاش لە خەیاڵمایە ئەوەیە کە ئەو سەربازانە ئەوەنە نامەردبوون کە دوور لە هەموو پێوەرە ئیسلامییەکان و مرۆڤایەتییەکان ئەهاتن سووکایەتیان بە ئافرەتەکان دەکرد و ئەوەی جوانیش بوایە ئەیان برد کەس نەی ئەزانی چیان لێدێت، ئیتر دوای ئەوەی کە ٣٠ رۆژ لەوێ بووین بۆ بەیانییەکەی ٣٠ سەیارەی سەر کەپسیان هێنا کە هیچ شوینێک نەبوو بتوانین جوان هەوای تیادا وەرگرین هەموومانیان بەزۆر خستە ناو سەیارەکە تەواوی رۆژەکە لە ناو سەیارەدا بووین لەبەر ئەوەی کە ناو سەیارەکە کەپس بوو هەوای کەمی بۆ دەهات تیشکی خۆرەکەش گەرمتری کردبوو، سێ کچ هەر لەوێدا گیانیان لە دەست دا و ئافرەتێکی تریش کە دووگیان بوو لەناو سەیارە کەیا لە هۆشی خۆی چوبوو کەف لە دەمی هاتبوو کە ئەو دیمەنەم بینی داوام لە دایکم کرد بە بیانوی ئەوەی کە تینومە لە ئاوەی کە بەدزییەوە هێناویانە بمدەنێ پڕ بە سەری دەبەکە ئاویان دامێ منیش وەرم گرت خۆم خافڵان هەتا دەستیان کردەوە بە قسەکردن منیش دەبەکەم کردە دەمی ژنەکە دواتر وردە وردە هاتەوە هۆشی خۆی و کەفەکەی دەمی نەما. دواتر هەستم کرد کە رێگاکەیان گۆڕی لایاندایە سەر گڵ، چونکە تاسەی زۆر زیاتر تیا بوو تا دەوری ٤٠ دەقە ئاوا لەسەر گڵەکە رۆیشتن و وەستان، هەموو مانیان داگرت".
- ''دایکمم بینی کە چۆن گولـلەیەکیان نا بەسەریەوە و سەرپۆشەکەی کەوت و بەسەر تەرمەکانی تردا کەوت''
تەیموری تاقانەی ئەنفال باس لەوە دەکات کە لەکاتی دابەزینیان لە ئۆتۆمبێلەکان و بەڕێکردنیان بۆ شوێنی رەمی کردنەکە کە ئەوان لێی بێئاگابوون، ئاویان داونەتێ و گومانی ئەوەشی هەیە کە لەڕێی ئەو ئاوەوە ماددەی بێهۆشکەریان دابنێ، چونکە لەکاتی تەقەکردن لەو هەموو کەسە، دەنگی قاووقیژ نەدهات و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە گێرانەوەی ئەو چیرۆکە کارەساتبارە کە تەنیا لەڕێگەی فیلمەکانەوە بینراون و بیستراون و گوتی: ''ئاویان پێ داین بەس هەستم ئەکرد کە ئاوەکە ماددەی موخەدەری تیا بوو تا کەس هەست بە هیچ نەکات، دواتر دەست و چاویان بەستنەوە بە پالولێیان هەموومانیان خستەوە ناو سەیارەکە، بەردەوام بوو لە رۆیشتن هەرچۆنێک بێت توانیم دەست و دەم و چاوی خۆم بکەمەوە دوای ماوەیەک لە رۆیشتن سەیارەکان وەستان دەرگایان کردەوە بینیم شوێنێکە هەمووی چاڵ چاڵ کراوە بە راکێشان هەموومانیان خستە ناو چاڵەکان دەستیان کرد بە رەمیکردن، ئەو شتەی کە بیرم ناچێتەوە ئەوە بوو ئەو ئافرەتەی کە لە سەیارەکەدا ئاوم پێیدا ئەوەنە فیشەکیان پێوە نابوو هەموو گیانیان وێران کردبوو منداڵەکەی ناوسکیشی مردبوو لەو لاوە دایکمم بینی کە چۆن گولـلەیەک نایان بەسەریەوە و سەرپۆشەکەی کەوت و خوشکێکیشم فیشەک بە دەستەیەوە بوو منیش فیشەکێک بە شانمەوە بوو لە تاو ئازار بەرەوڕووی ئەو سەربازە رام کرد کە فیشەکەکەی پێوە نابووم لێی پاڕامەوە کە بۆ ئاوامان لی ئەکەن کە منی بینی بەو مناڵییە و ئەو حاڵە هیچی نەکرد و چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک دیاربوو کە پەشیمان بوو، سەربازێکی تر بە هاوارکردن هات پەلی گرتم بۆ ناو چاڵەکە و دەستیان کردەوە بە تەقەکردن لە تاوا ئە ئەرزەئەلەلییە و ئەوەنە فیشەکیان تەقاند لەو کاتەیە چەند فیشەکێکی تر بەر پشتم کەوت، ئیتر خۆمم کرد بە مردوو هەتا تەقەکردنەکە کۆتایی هات و دنیا تاریک بوو لە چاڵەکە سەرم بەرزکردەوە بینیم سەربازەکان خەریکی قسەکردنن بۆ خۆیان منیش هەوڵم یا لە چاڵەکە رابکەم لەو کاتەدا منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانم بینی وتم برناری وتی نا بەس ناتوانم هەڵسم تەرمەکان لەسەر قاچمە، پێم وت دەستم بەرێ با بڕۆین وتی ناتوانم دایکم بەجێبهێلم و لە سەربازەکانیش ئەترسم نەمتوانی رازی بکەم ئیتر رۆیشتم بە سنگە خشکی هەتا گەیشتمە سوچێک کە جێگای دەمە شۆفڵەکان بوو بەدەست کەمێکم هەڵکەند خۆمم تیا شاردەوە و سەیری سەربازەکانم ئەکرد بیرشم ئەکردەوە کە چۆن رزگارم بێت لێرە".
تەیمور باس لەوە دەکات کە ئەوەی بیردێت، بۆ ماوەیەکی کاتی کە ئەو خۆی بەمردن لە قەڵەمی دەدات، بۆ ساتێک ئاگای لەخۆی نەماوە و وایزانیوە بەنێو هەوردا گوزەری کردووە لەنێوان دوو پەڵە هەوری رەش کە لە کۆتاییدا تیشکێکی بەدی کردووە، لەو ساتەدا کەسێک بانگی کردووە تاوەکو هەڵبستێتەوە و وەک تەیمور خۆی باسی دەکات، ئەوە یەزدان بووە ویستی لەسەر ئەوەبووە کە تەیمور رزگاری بێت لەو مەرگەساتە، تاوەکو چیرۆکە ئازاربەخشە دڕندانەکانی رژێمی بەعسی رووخاو بگێڕێتەوە و بەدنیای بگەیەنێت.
تەیمور درێژە دەدات بە چیرۆکی رزگاربوونی لە چاڵی مەرگ و دەڵێت ''ئیتر وردە وردە رۆیشتم لە کۆتایی چاڵەکە لە هۆشی خۆم چووم لەبەر ئەوەی خوێنی زۆرم لێ رۆیشتبوو، هەستم دەکرد بەناو هەوردا دەڕۆم لەنێوان دوو پەڵە هەوری رەش کە لەوسەریەوە رووناکی هەبوو، بەڵام لەپڕ کەسێک هاتە لای سەرم کەجلی سپی لەبەرابو نورانی بوو بانگی کردم وتی هەڵسە تەیمور، کاتێک هۆشم هاتەوە کەس لەو ناوە نەمابوو، من پێم وایە خوا ویستوویەتی تەیمور زیندوو بهێڵێتەوە تاوەکو چیرۆکەکانی ئەنفال بە جیهان بگەیەنێت، منیش هەرچۆنێک بیت رۆیشتم گەیشتمە بەرزاییەک سەیری ئەو شوێنەم ئەکرد کە تیایە رەمی کراین لە پڕ روناکییەکم بینی ترسام خۆم شاردەوە هەتا روناکییە کە نەما ئیتر دووبارە دەستم کردەوە بە رۆیشتن لە نیوەی رێگاکەیە تووشی چەند سەگێک بووم هەم دلخۆش بووم کە نزیکم لە خەڵک هەمیش ئەترسام کە پەلامارم بات، چونکە من بێ هیزبووم هەرچۆنیک بێت بەردێکم هەڵ گرت تێم گرت سەگەکان وەرین لەوێوە کەسێک روناکی لایتەکەی تێ گرتم منیش پیم وت کە چیم لێ هاتووە و داوام لێی کرد بمباتە نەخۆشخانە، منیان بردە ماڵەکەی خۆیان چارەسەری برینەکەیان کردم و جلەکانمیان گۆڕی و نانیان بۆ دانام هەتا بەیانی خەوتم، بەیانیەکەی هەڵسام لام سەیر بوو ئەم چۆلەوانییەوە ئەم جلانە پرسیارم کرد ئێرە کوێیە وتیان ئێرە سەماوایە ئیتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ ئەمانە ژیام زمانەکەیان فێربووم زۆریان خۆش ئەویستم ناوەکەشیان کردبوم بە عەلی بە عەللاوی بانگیان ئەکردم".
لە باسی سەرگوزشتەی چۆنیەتی دۆزینەوەی مامەکانیدا تەیمور دەڵێت ''دواتر داوام لێ کردن کە بگەڕێن بۆ کەسوکارەکەم، ناونیشانم یانێ دواتر بۆیان دۆزیمەوە ماڵی مامێکم کە لە کەلار بوو پیان وتن کە بێن بۆ ئێرە ئەوانیش هاتن وبە یەک شاد بوینەوە، دواتر ئەو ماڵەی منیان گەورە کرد وتیان ئەمە کوڕی ئێمەیە نابێت بیبەنەوە ئیتر چوینەوە ناو دیوەخانی لادێ و لەوێ رێککەوتن کە مانگ بە مانگ لایان بم، ئەمە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٩٩١ دواتر لێیان دابڕام ئیتر لە ماڵی مامم ئەمامەوە هەتا دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق گەڕام و دۆزیمنەوە دووبارە پەیوەندیەکەمان دروست کردەوە''.
لە بارەی پرسی سوود وەرگرتن لە تەیمور وەک شایەتحاڵێکی دۆسیەی ئەنفال لە پرسی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعسی رووخاودا، تەیمور دەڵێت ''دواتر لەناو دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە دادگایی سەدام و دارودەستەکەی ئەکرا من لەوێ وەک شاهیدحاڵی مەسەلەی ئەنفال شاهیدیم یا، پێم وتن ئەگەر بەڵگەیان ئەوێ من ئەیان یەمێ هەموویم بە دیکۆمێنت لایە".
تەیمور بە دڵێکی پڕ حەسرەتەوە گلەیی لە حوکمڕانی کوردی دەکات و دەڵێت ''هەتا ئێستا هیچ شتێکی شایستە نەکراوە بۆ ئەم میللەتە ئەوەی کرا بێت چەند شتێکی سادە بوو نیوەی کاتی خۆی سەدام دای نابوو ئەمان کردیان بە هی خۆیان کە پارچە ئەرزەیەک بوو ماڵی دوو دەفتەر و چل وەرەقەیەیان ئەیا کە بیکەنە خانوو کە لە کاتێکا بەس مێزی نان خواردنی بەرپرسەکان بای ئەو پارەیە و زیاتریش، بەمە ناوتریت هاوکاری لە کاتێکا ئەم میللەتە گەورەترین قوربانی یاوە، بەڵام ئەگەر بیت و سەیر بکەی ئەوەی کە لەو کاتەیە جاش بووە ئێستا خاوەنی گەورەترین پلە و پایەیە. لە لایەکی تریشەوە لە هەرێمی کوردستان چەند شەهیدت هەبێت بە یەک دانە ئەژمار ئەکرێت لە کاتێکا حکوومەتی عێراقی هەمووی حساب ئەکات، ئەم جیاوازیە لە پێناو چی، بەعس یەک جار ئەنفالی کردین ئەمانە هەموو رۆژێک ئەنفالمان ئەکەن. کاتی خۆی من داوام کرد کە حکوومەتی عێراقی داوای لێبوردن لە میللەتی کورد بکات ئەوەی دژایەتیان ئەکردم هەر کوردەکان بوون، تەنانەت دوژمنایەتیشیان ئەکردم، هەر میللەتی کوردە کە خۆی هەوڵ ئەیات ئەم پرسە بچووک بکاتەوە کە ئەم پرسە لە هەر وڵاتێکی دونیا بوایە ئەیان کرد بە دروست بوونی وڵات ژیانی نوێیان لەسەر بنیاد ئەنا، ئەمەتاوانە کە تاوانی ئاوا بشار درێتەوە. پێویستە حکوومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە حکوومەتی عێراقی ناچار بە قەرەبوو بکات لە کاتێکا بەپێی دەستووری عێراقی ماددەی ١٣٢ هەیە کە ئەبێت حکوومەتی عێراقی بە ماددی و مەعنەوی قەرەبووی میللەتی کورد بکاتەوە''.
news_share_descriptionsubscription_contact

