Rewa Mahmood Hasan
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی-AA
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی چوارتای کۆن لە شاری سلێمانی، بەهۆی خۆپێداکێشانی بارهەڵگرێک بە ١٠ ئۆتۆمبێلدا، شەش کەس برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوت.
کاتژمێر ١٧:٣٠ی ئەمڕۆ لە شەقامی چوارتای کۆن لە سەروو پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار دەبن و ١١ ئۆتۆمبێلیش زیانی زۆریان بەردەکەوێت.
ئەفسەری ئێشکگر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، رائید سەفین قادر ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە رووداوەکە کاتژمێر ١٧:٣٠ روویداوە، کاتێک شۆفێری بارهەڵگرێک کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و خۆی دەکێشێت بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا و دواتر خۆی دەکێشێت بەماڵێکدا و دەگیرسێتەوە.
رائید سەفین قادر ئەمین ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی رووداوەکەوە، ١١ ئۆتۆمبێل زیانی زۆریان بەرکەوتووە و گوتی: " ئۆتۆمبێلەکان کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە و شەش کەس برینداربوون کە راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
بەگوتەی شایەتحاڵەکانی رووداوەکە بێت کە قسەیان بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کردووە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە بەڕەگەز عەرەبە، پێش داگیرساندنی ئۆتۆمبێلەکەی رێکاری پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ ئامادەکردنی برێکی هەوایی و لە کاتی بەڕێکەوتنیدا، بەهۆی سەرەولێژی شەقامەکەو بارانبارینەوە، توانای گرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نەماوە و ناوبەناو خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلدا، تا لە کۆتاییدا بەهۆی دیواری ماڵێکەوە گیرساوەتەوە.