Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە لە ھەرێمی کوردستان، نوێژی جەژنی رەمەزان بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان بەڕێوەچوو.
دوای بەڕێکردنی مانگی رەمەزان و بە ئەنجام گەیاندنی یەکێک لەو فەرزانەی خوای گەورە لەسەر موسڵمانان فەرزی کردووە کە رۆژووی مانگی رەمەزانە، لە کۆتایی ئەو مانگەدا موسڵمانان بۆ خۆشی دەربڕین لە سەرکەوتنیان لەو مانگەدا و بە ئەنجامگەیاندنی فەرزێکی گەورە کە لەلای خودا پاداشتێکی زۆری ھەیە، جەژن دەکەن و خۆشی دەردەبرن و پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن.
گوتاربێژانی مزگەوتەکان دوایی ئەنجامدانی نوێژی جەژن، گوتاریان بۆ ئامادەبووان پێشکەشکرد لە بارەی نوێژی جەژن و ئاداب و نەریتەکانی جەژن. ھەروەھا بەشێک لە مامۆستایان داوایان لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد گرژی و ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن و ھەستیاری دۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگرن و جەژن بکەنە تەبایی و یەکڕیزی نێوانیان.
لە مزگەوتی دارولسەلام لە شاری سلێمانی کە ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان ئامادەی نوێژی جەژن بوون، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، عیرفان رەشید پیرۆزبایی لە ھەموو موسڵمانانی ھەرێمی کوردستان و جیھان کرد و ھیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھەموو موسڵمانان و مرۆڤایەتی.
ئەو مامۆستایە لە بارەی جەژنەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ئەو رۆژە پیرۆزەیە کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام کردوویەتی بە ھەلێک بۆ ئاشتی بەرپا کردن و برایەتی و تەبایی لە نێوان ھەموو تاکەکانی مرۆڤایەتی، بەتایبەت ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستە ئەم ڕۆژە پیرۆزە بە ھەند وەربگرین بۆ لەیەکتر نزیکبونەوە بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان بتوانن زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە و بەو برایەتی و تەبایەتییەی کە جەژن داوامان لێدەکات بتوانن گوڕ و تینێکی تر بدەنەوە بە کایەی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردن لە ھەرێم تاوەکو بتوانن لەو رێگەیەوە بوارەکانی تر بەرەو پێشەوە ببەن".