Rewa Mahmood Hasan
24 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
سلێمانی - AA
هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەسەر رێنمایی و فەرمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەبڕیاری دادوەر، دواى ئەوەی چەند کامێرایەکی چاودێری هاتوچۆی سلێمانى شێوێندرا، توانی تۆمەتبارى ئەو تاوانە دەستگیر بکات.
دواى ئەوەى لە رۆژى چواری ئابی ٢٠٢١، چەند کامێرایەکی جێگیرى چاودێریی هاتوچۆى سەربە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی پارێزگاى سلێمانى لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود بە بۆیاخ شێوێندران، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، ئاماژە بەوە کراوە کە لەسەر رووداوەکە، دەستبەجێ دەستیان کرد بە کۆکردنەوەى زانیارى و توانراوە لە رۆژى حەوتی ئابی ٢٠٢١دا، تۆمەتبار (ر.ع.ع) لەدایکبووى ساڵى ١٩٩٧ کە پیشەی شۆفێری تاکسییە و دانیشتوی شاری سلێمانی-یە لە ناوچەى پیشەسازیی سلێمانى دەستگیر بکەن".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی-دا هاتووە ''تۆمەتبار دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکارى ئەو کارەشى بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە چەندین جار سەرپێچى تیژڕەوى کردووە و وێنەی گیراوە، بەپێی ماددەی ٢٤٠ لە یاساى سزادان بەتۆمەتى شێواندنى موڵک و ماڵى میرى راگیراوە".