Sarmand Hameed
24 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2021
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە کۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی ئاب بەڕێوەدەچێت.
ئاشکراکردنی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق دوای ئەوە دێت کە پێشتر بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک باس لە بەرێوەچوونی کۆنگرەکە لە کۆتایی مانگی ئابدا دەکرا.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا، گوتی: "کۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی رۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت".
حەسەن نازم گوتیشی: "پشتیوانی بۆ لووتکەکە وەڵامدانەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی عێراقە و حکوومەت توانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی پێشوازیی بۆ بەستنی کۆنگرەکە دەستەبەر بکات".
لە چەند رۆژی رابردوودا، حکوومەتی عێراق بانگهێشتنامەی بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەکەدا گەیاندە هەریەک لە تورکیا، سعوودیە، ئوردن، کوێت، ئێران و قەتەر، هاوکات هەریەک لە فەرەنسا، ئەمریکا، رووسیا و ژاپۆنیش بەشداریی لە کۆنگرەکەدا دەکەن.
ئامانجی کۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
حکوومەتی عێراق خواستی پەرەپێدان بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەیە لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکانی بەڕووی وەربەرهێنان بەتایبەت ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش.