Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ یەكشەممە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەركەوت ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاماری كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بۆ مانگی ئابی رابردوو، هەروەها دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی لە میانی رۆژانی رابردوو، راگەیاند.
سەركەوت ئەحمەد گوتی: "لە مانگی ئابی رابردوودا، 914 کەس لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەتۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیركراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "لە میانیی رۆژانی رابردوودا، باندێكی ساختەكاری دەستگیركراون كە سەرۆكی باندەكە عەرەبە و سێ كوردیان لەگەڵە و هاوكارییان كردوون، ئەو باندە بەناوی وەرگرتنی ڤیزای شنگنەوە پارەیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و كارەكەیان ساختەكردن بووە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی داوای لەو كەسانە كرد كە خوازیاری بەدەستهێنانی ڤیزای شنگنن بە شێوەیەكی یاسایی مامەڵەكانیان بكەن و پەنا بۆ ئەو جۆرە كەسانە نەبەن كە بەڕێگای ساختە كار دەكەن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەش كرد لە میانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا، هێزەكانیان لە سلێمانی نۆ تۆمەتبار لەسەر تەقەكردن، یەك كەس لەسەر فەرمانی دادگا، دوو تۆمەتبار كە داوای سەرانەیان لە خاوەنی پێشانگایەكی ئۆتۆمۆبێل كردووە دەستگیر كردووە، هەروەها دەستیان بەسەر 20 پارچە چەكی جۆراوجۆر و 12 ئۆتۆمۆبێلدا گرتووە بە هۆی ئەنجامدانی سەرپێچییەوە.