Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
ڤێستیڤاڵەكە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەبەشداری ژمارەیەكی زۆری میوانان ئەنجامدرا، تێیدا جگە لە پێشكەشكردنی گوتاری سەرپەرشتیارانی ڤێستیڤاڵ، قورئان خوێنانی بەشداری ڤێستیڤاڵ بە خوێندنی چەند ئایەتێك لە قورئان بەشدارییان كرد.
سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵەكە، گۆران عەباس لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی خاڵ بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز ساڵانە لەلایەن سەنتەری گەشەپێدانی چالاكیی لاوان ساز دەكرێت، ئەمساڵ دەیەمین ڤێستیڤاڵە كە بەبەشداری ژمارەیەك قورئان خوێندنی نێودەوڵەتی ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوە دەچێت".
ئەو گوتی: "قورئان خوێنەكان لە هەرێمی كوردستان قورئان خوێنانی نێودەوڵەتی كۆچەر عومەر و راستی عوسمان، لە ئێران قورئان خوێنی نێودەوڵەتی محەمەد جەواد حسەینی، لە سویسرا قورئان خوێنی نێودەوڵەتی شێخ موعتەسەم بیلا العەسەلی بەشدارن، هەروەها بڕیاربوو لە میسر قورئان خوێنی نێودەوڵەتی شێخ تەها نوعمانی بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی دروستكردنی كێشە لە پێدانی ڤیزەكەی لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە نەیتوانی گەشت بكات".
سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵەكە ئەوەشی گوت: "ئەم ڤێستیڤاڵە بە یەكەم ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی خوێندنی قورئانی پیرۆز لە هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت كە ساڵانە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت".
شێخ محەمەدی خاڵ زانایەكی ناوداری كورد بووە لە شاری سلێمانی و چەندین نشوسین و كتێبی هەیە لە بواری راڤەكردنی قورئان و ئاینی و فەرهەنگی. سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵەكەش دەڵێت، ناونانی ڤێستیڤاڵەكە بەناوی خاڵەوە بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوی ئەو زانایەیە كە لەم شارەوە چەندین بەرهەمی ئاینی و فەرهەنگی پێشكەش كردووە.