Alı Makram Ghareeb
23 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
كەركووك – AA
گوتەبێژى بەرەى توركمانى عێراق محەمەد سامان، رايگەياند بيرە نەوتەکانی كەركووك لەلايەن سەربازانى ئەمريكاوە دەپارێزرێت.
گوتەبێژەكەى بەرەى توركمانى، لە لێدوانێكيدا بۆ پەيامنێرى ئاژانسى ئەنادۆڵۆ، رايگەياند لە ئەگەرى پێكنەهێنانى حكومەت لە بەغدا ئەوە ناوچەكە دەكەوێتە بۆشاييەكى ياساييەوە و گوتى: "ئاسايشى بيرە نەوتەکانی كەركووك دەكەوێتە ئەستۆى سوپاى ئەمريكا"
سامان، ئاماژەى بەوە كرد كە ئەو سەربازە ئەمريكييانەى لە بنكەى سەربازى كەيوان جێگيرن پێش دوو رۆژ لە ناوەندى شارى كەركووك بينراون. هەروەها گوتى: "بينينى سەربازانى ئەمريكى لە ناوەندى شارى كەركووك پاش چەندين ساڵ لە جێگيربوونيان لە بنكەى سەربازى جێگەى سەرنجە."
سامان، نيگەرانى خۆى نەشاردەوە لە سەر پێكنەهێنانى حكومەتى عێراق لە پاش دەست لەكاركێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و سەرەڕاى کۆتایهاتنی ماوەى ١٥ رۆژەكە بۆ دەستنيشانكردنى سەرۆكوەزيرانى نوێ.
گوتەبێژەكەى بەرەى توركمانى، ئاماژەى بەوە كرد لە ئەگەرى دروستبوونى بۆشايى ياسايى و بە هەل وەرگرتنى دۆخەكە لەلايەن رێكخراوى تيرۆريستيەوە ئەوە كەركووك زەرەمەندترين شار دەبێت و گوتى: " سوپاى ئەمريكا لە دژى ئەو گريمانە بيرەنەوتەكانى شارەكە دەپارێزێت."
- ژمارەى سەربازانى ئەمريكا لە عێراق
ئەمريكا، لەپاش داگيركردنى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣وە تاكو مانگى كانوونى يەكەمى ساڵى ٢٠١١، ١٦٥ هەزار سەربازى لەو وڵاتەدا هەبووە، لە پاش ئەم رێككەوتەوە و لە سەرفەرمانى سەرۆكى ئەمريكاى ئەو سەردەمە باراك ئۆباما سەرجەم سەربازانى ئەمريكا لە وڵاتەكە كشاونەتەوە.
لە دواى سەرهەڵدانى رێكخراوى تيرۆريستى داعش لە ساڵى ٢٠١٤دا لە سەر داواكاريى سەرۆكوەزيرانى ئەو سەردەمەى عێراق نورى ماليكى ئەمريكا سەربازەكانى بۆ عێراق گەڕاندەوە.
لە سەر واژۆكردنى رێككەوتنى ستراتيجى سەربازى لە تێوان هەردوو وڵاتدا لە ساڵى ٢٠١٤وە پێنج هەزار سەربازى ئەمريكى لەو وڵاتەدا جێگيركراون.
ئەمريكا نۆ بنكەى سەربازى لە عێراقدا هەيە
ئەمريكا، لە بنكەى سەربازى ڤيكتۆرى لە فرۆكەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى و بنكەى سەربازى تاجى لە ناوچەى تاجى لە رۆژئاواى بەغدا، بنكەى عەين ئەسەد و حەبانييە لە پارێزگاى ئەنبار كە ئەم دوو بنكەيە لە شەڕى دژى داعش لە ساڵى ٢٠١٤دا زۆر بە چڕى بەكار دەهێنرا جێگيرە.
هەروەها سەربازانى ئەمريكا بنكەى ئاسمانى بەلەد لە پارێزگاى سەلاحەددين بەكاردەهێنن.