Zana Natık Kerem
21 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق راگەیاند کە ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال-دا نییە و ئاماژەی بەوەیش دا کە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەردەوامە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال-دا نییە و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیش، بەردەوامە و گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان رێگا بە ھیچ لایەنێک نادەن ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست بکات".
لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەش کردووە کە ھێزە ئەمنییەکان لە سوپا و پۆلیسی خۆجێی لە قەزای شنگال و سەرجەم دەروازەکانی قەزاکە بڵاوکراونەتەوە و گوتی: "ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە قەزای شنگال بوونی نییە".
ئەمەیش لە کاتێکدایە پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندبوو کە پەکەکە و ھێزە لە یاسا دەرچووەکان کۆنترۆڵی شنگال-یان کردووە و بەو ھۆیەشەوە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.