Zana Natık Kerem
06 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2019
بەغدا ـ AA
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند کە، یەک ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی شاری بابل تەرخان دەکات.
لە راگەیاندراوێکدا، بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی مەرجی لیژنەی شوێنەوارە جیھانییەکانی یونسکۆ سەبارەت بە لابردنی پاشماوەکان لە شوێنەوارەکانی شاری بابل، یەک ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی شارەکە تەرخان دەکات.
بانکی ناوەندی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو لە ماوەکانی داھاتوودا، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، شوێنەوارەکانی پارێزگای بابل و لایەنە پەیوەندارەکان، پارەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی شاری بابل خەرج دەکات.
دوێنێ ھەینی لیژنەی شوێنەوارە جیھانییەکانی یونسکۆ بەکۆی دەنگ بڕیاریدا، شوێنەوارەکانی شاری بابل بخرێتە ناو لیستی شوێنەوارە جیھانییەکانی رێکخراوەکە، بەو مەرجەی تاوەکو مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو شوێنەوارەکانی شارەکە نۆژەن بکرێتەوە و پاشماوەکانی لاببردرێت.
مانگی شوباتی رابردوو، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح داوای لە رێکخراوی یونسکۆ کرد شاری بابل بخاتە لیستی شوێنەوارە جیھانییەکانی رێکخراوەکە.