Haydar Karaalp
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2023
بەغدا - AA
ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، ناسر ئەسەدی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتێکی نزیکدا عێراق و تورکیا ڕێککەوتنی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و چەند ڕێککەوتنێکی پەیوەندیدار واژوو دەکەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ''سەباح''ی دەوڵەتی عێراق، ئەسەدی باسی لەو ڕێککەوتنانە کرد لە واژوو دەکرێن.
ڕۆژنامەکە لێدوانەکانی ئەسەدی کردە مانشێتی خۆی کە دەڵێت: ''لە کاتێکی نزیکدا عێراق و تورکیا پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ڕێککەوتنی پەیوەندیدار واژوو دەکەن''.
ئەسەدی ڕایگەیاندووە: ''ئەم ڕێککەوتنانە پرۆژەکانی ڕێگای وشکانیی و ئاسنین لەخۆدەگرن کە کەنداو بە سنووری تورکیاوە دەبەستنەوە''. ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەم ڕێگا وشکانی و ئاسنینانە ڕێگای سەرەکین بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپادا.
ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە تورکیاش گرنگیی دەدات بەو پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی ڕایگەیاندووە.
سوودانی لە مانگی ئایاردا پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ڕاگەیاند کە ئاسیا بە ئەورووپاوە دەبەسترێتەوە.
پرۆژەکە کە لە بەنداوی گەورەی فاو لە کەنداوی بەسرەوە دەست پێ دەکات و بەرەو باکووری عێراق درێژ دەبێتەوە و دەگات بە تورکیا هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر درێژە، کە ژێرخانی ڕێگای وشکانی و ئاسنینیش لەخۆدەگرێت.
ئەم پرۆژەیە ڕێڕەوێک دەگرێتەوە کە بەسرە و بەغدا و مووسڵ دەگرێتەوە و بڕیارە بە تۆڕی ڕێگای ئاسنینی تورکیاوە ببەسترێتەوە.