Arif Yusuf
08 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە لەگەڵ رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رێككەوتوون لەسەر هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.
بەرپرسی شانەی بەدواداچوونەكان سەربە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا جەبار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەگەڵ سەرجەم رێكخەرانی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە رێككەوتووین لەسەرهەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت".
مستەفا جەبار ئاماژەی بەوەیشكردووە كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان ژمارەیەک داواكارییان پێشكەش بە شانەكەیان كردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە جێبەجێیان بكەن.
هاوكات چالاكوانێكی مەدەنی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتڕاستیكردەوە كە سەرجەم رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رەزامەندییان نیشانداوە سەبارت بە هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو کاتەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کۆتایی دێت.
چالاكوانەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی: "وەك رێزگرتنێك لە بەڕێوەچوونی رێوەڕسمی چلەی ئیمام حوسێن و بەشداریكردنی زیارتكاران لە رێوڕەسمەكەدا، بۆیە بڕیاری هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان دراوە".
ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شیعە مەزهەب بە پیادە روو دەكەنە شاری كەربەلا باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بكەن كە ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
لە لایەكی دیكەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە لەئێستادا رەوشی شاری بەغدا هێوربووەتەوە و ژیان و گوزەران تیایدا ئاساییبووەتەوە، ئەویش دوای ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكە و ژمارەیەك پارێزگای باشووری عێراق ئەنجام دران.
پێشتر ئاژانسی هەواڵیی عێراق بڵاویكردبوویەوە كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دوای سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان نووسینگەی سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی و خۆپیشاندەران هەروەها دەستكردن بە جێبەجێكردنی داواكارییە راوەكانی خۆپیشاندەران، دووبارە ناوچەی سەوز بەڕووی هاتوچۆدا كراویەوە.