Heman Hussein Yaseen
11 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند کە لەماوەی رابردوودا، بەهۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمتەرخەمی هاووڵاتییانەوە، چەند حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمتەرخەمی ھەندێک لە ھاووڵاتییان، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە روویان لە زیادبوون کردووە و بەو ھۆکارانیش لە سنووری بەرزنجە، ٢٠ دۆنم پووش و پاوان و ٣٠٠ دار سووتا.
لە راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ھێمن کمرخان ئاماژەی بەوەکردووە کە لە سنوری بەرزنجە ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بەرزنجە، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیوویانە لەماوەیەکی کەمدا، ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە زیانی ئاگرەکە نزیکەی ٢٠ دۆنم لە پووش و پاوان و ٣٠٠ دار سووتاوە و تا ئێستاش ھۆکاری ئاگرەکە نادیارە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە هێمن کمرخان راگەیاندووە لە گوندی دزگان سەربە قەزای ماوەت، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاگرکوژێنەوەی ماوەت لەماوەیەکی کەمدا، ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن کە زیانی ئاگرەکە ١٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و ھۆکاری ئاگرەکە نادیارە.
هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئاگرێک لە شاخی سەگرمە کانی باجگە کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ خاڵی وەزیارە، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان بەھاوکاری ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و زەرەر و زیانی ئاگرەکە سووتانی دوو دۆنم پووش و پاوان بووە.