Heman Hussein Yaseen
05 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2022
ههولێر - AA
بڕیارە لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بەڕێوەبچێت.
پڕۆسەکە بەھۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە شێوازی ئەلیکتڕۆنییەوە گۆڕدرا بۆ شێوازی دەستی، بڕیارە کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ، دەنگدانەکە دەست پێ بکات و دوای ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و پەسندکردنی ئەنجامەکەی، ئەوا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی دیاری دەکات، دواتر کۆمیتەی ناوەندی، مەکتەبی سیاسیی ھەڵدەبژێرێت کە ژمارەیان ١٧ ئەندام دەبێت و مەکتەبی سیاسییش دەستەی کارگێڕیی ھەڵدەبژێردرێت کە ژمارەیان پێنج کەس دەبێت و کەسێک وەکو بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی دیاری دەکرێت.
پڕۆسەی دەنگدانی دەستی بریتییە لەوەی ناوی ھەموو بەربژێرەکان لەسەر پسوولەیەکدا دەنووسرێت، ھەر ئەندامێکی بەشداربووی کۆنگرە پسوولەیەکی پێدەدرێت و دەنگ بەو کەسانە دەدات کە خۆی دەیەوێت، دواتر پسوولەکە دەخاتە ناو سندووقی دەنگدانەوە و سندووقەکان دادەخرێن، پاشان لە ھەمان شوێن سندووقەکان دەکرێنەوە و دەنگەکان جیادەکرێنەوە و دەژمێردرێن.
لە ١٤هەمین کۆنگرەی پارتیدا، ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گۆڕدرا بۆ کۆمیتەی ناوەندی و بەپێی پەیڕەوی پەسەندکراوی ئەو حزبە کۆمیتەی ناوەندی لە ٥١ ئەندام لەگەڵ نۆ ئەندامی یەدەگ پێک دێت.
لە دووەم رۆژی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لەسەر پێشنیازی مەسعود بارزانی و بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، ھەر یەک لە فازڵ میرانی، مەحموود محەمەد، عیزەددین بەرواری، عەبدولموھەیمن بارزانی، ئازاد بەرواری، کەمال کەرکووکی، ھوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، زەعیم عەلی و عارف تەیفوور راستەوخۆ بوون بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ئەمڕۆش ٤١ کەسی دیکە بە دەنگدانی نهێنی ھەڵدەبژێردرێن کە نزیکەی ١٥٠ کەس خۆیان بۆ کاندید کردووە.
کارەکانی ١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد کە تیاییدا مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە و هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم ھەڵبژێردران.
لە دووەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەکەدا، پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی پەسەندکرا کە چەند گۆڕانکارییەکی لە ئۆرگانەکانی پارتیدا لەخۆگرتبوو، لەوانە کۆمیتەی ناوەندی لە بری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ھەروەھا دروستکردنی ئەنجوومەنی تێکۆشەران کە کەسانی خەباتگێڕ و بەئەزموون لەو ئەنجوومەنە درێژە بە کارەکانییان دەدەن و سوود لە ئەزموونییان وەردەگیرێت، پۆستی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی نەما و لەبری ئەو دەستەی کارگێڕی دروست دەکرێت و کەسێک بە بەرپرسی دەستەی کارگێری دادەنرێت.
لە کۆنگرەکەدا بڕیاردا بە کەمکردنەوەی کارگێڕانی لق و لیژنە ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێوەیەک ژمارەی کارگێڕانی لق لە هەشت کەسەوە بۆ شەش و کارگێڕانی لیژنە ناوچەش بۆ چوار کارگێڕ کەمکرایەوە.
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، رێژەی بەشدارییکردنی ئافرەتان لە کۆمیتەی ناوەندی زیادکرا بۆ لە سەدا ١٥ و بەو پێیەش ژمارەی ئافرەتان لە کۆمیتەی ناوەندی پارتی حەوت ئەندام بەرزدەبێتەوە کە پێشتر پێنج ئەندام لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێشووی پارتی ئافرەتان بوون.
لە میانی دووەمین رۆژی کارەکانی ١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ٧٦ کەسایەتی لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانییەوە وەک رێزگرتن لە خەبات و ماندووبوونییان، مەدالیای بارزانی نەمریان پێ بەخشرا.