ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی رایگەیاند ھەر ھێزێک بەناوێکی دیکە جگە لە ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان، درووست ببێت بێگومان بەخۆفرۆش و چەتە ناویان دەهێنین و جێگایان لە ھەرێمی کوردستاندا نابێتەوە، ئەو قۆناغەش بەسەرچووە کە جارێکی دیکە ھێزێکی کوردی وەک جاش بەرەوڕووی ھەرێمی کوردستان ببێتەوە".
عەلی عەونی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ھێزی نایاسایی لە ھەرێم قبووڵ ناکات و ھەر کوردێکیش بیەوێت جلوبەرگی حەشدی شەعبی بپۆشێت جێگای لە ھەرێم نابێتەوە".
ھەروەها گوتیشی: "حەشدی شەعبی دەمێکە دژایەتی خۆی لە بەرامبەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان نیشانداوە".
سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ئەم ھێزە کوردییەی کە بڕیار وایە لەژێر ناوی حەشدی شەعبی درووست ببێت چ کاردانەوەیەکیان دەبێت، عەلی عەونی گوتی: "لە راستیدا حەشدی شەعبی و سوپای عێراق نیازپاکی خۆیان لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان نیشان نەداوە".
ھاوکات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چاوپێکەوتنەکەی مەلا بەختیاری خوێندووەتەوە کە گازندەی کردووە و گوتوویەتی 'بەداخەوە کە حەشدی شەعبی لە بەختی خۆی دا و رێککەوتنەکەی بەجێ نەگەیاند' و گوتی: "ھەروەک دیارە یەکێتی رێککەوتنی کردبوو بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بھێنرێتە جەلەولا بۆ شکاندنی داعش تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە چەکدارانی حەشد لە ناوچەکانی بەدرە، جەلەولا، دەرووبەری خانقین ماون، تەنانەت ھەڕەشەی لە ھەرێمی کوردستانیش کرد، پێشتر ئەوەمان بەبرادەرانی یەکێتی گوتبوو کە نابێت ئەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی بکرێت و پێویستە رێککەوتنی سیاسی و سەربازی بکرێت، بەتایبەت لە پڕۆسەی ئازادکردنی شاری مووسڵ، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ھەر کەس و لایەنێک دابنرێت، بەڵام بەداخەوە یەکێتی کەمتەرخەمی کردووە لە رێککەوتنەکەدا، بۆیەش لە ئێستادا حەشدی شەعبی لە خورماتوو و جەلەولا بوونەتە کێشە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە گوایە چەند پێشمەرگەیەک چووبنە ناو چەکدارانی حەشدی شەعبی و رایگەیاند "ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، تەنھا ئەوەی بیستوومانە ئەو کەسانەن کە بەبیانووی بێکاری و ھەژارییەوە خۆیان ناونووس کردووە بۆ ناو حەشد، بەڵام بەبیانووی بێکارییەوە ناکرێت تۆ بچی دژایەتی خاک و نەتەوە و وڵاتپارێزان بکەیت، چونکە حەشدی شەعبی دژی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەگەر ئەم کەسانە لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان ئەم کارە بکەن قبووڵ ناکەین و دەستگیریان دەکەین، چونکە بەپێی یاساش بێت جگە لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھیچ ھێزێکی دیکە لە ھەرێم جێگای نابێتەوە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا حەشدی شەعبی گۆچانێک بێت بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، عەلی عەونی گوتی: "عێراق بەشێویەکی گشتی لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت، سیادەی نەماوە، ئەگەر حەشدی شەعبی یەکسان نەبێت بەئێران، بەڵام ئێران دەتوانێت حەشد کۆنتڕۆل بکات، واتا بڕیاریان پێ دەربکات، یان بڕیارەکانیان رەتبکاتەوە، ئێمە گلەییمان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ھەیە، چونکە عێراقیان بەدەستەوەیە لە کاتێکدا بوودجەی ھەرێمیان بڕی، پشکی پێشمەرگەیان نەدا، ھاوکاریی ھەرێمیان نەکرد و دەستووریان جێبەجێ نەکرد، بۆیە گازندەمان لە ئێران ھەیە، چونکە ئەوان دەیانتوانی داوا لە بەغدا بکەن بەشی ھەرێمی کوردستان بنێرن و کێشەکان چارەسەر ببن".
ھەروەھا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەکێبڕکێی نێوان تورکیا و ئێران لەسەر مژاری عێراق و سووریا ھەروەھا سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، عەلی عەونی گوتی: "کێشەی کورد لەو دوو بەشە نەخۆشییەکی درێژخایانە، پێموایە ھەر وڵاتێک بیەوێت وەکو سەدام کە چووە ناو کوێت، ئەوان بیانەوێت ناوچەیەک یان ھەرێمێک بگرنە دەست بێگومان تووشی شکستی گەورە دەبن. لە راستیدا ئێران دەیەوێت عێراق بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات، ھەڵبەت تورکیاش بەمە رازی نابێت بۆیە تا دێت ململانێیەکە سەختتر دەبێت، بەڵام با ھەموو لایەک ئەوە بزانن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خاکەکەی چوارچێوە و رەنگێکی یاسایی وەرگرتووە و ھیچ کەس یان وڵات و ھێزێک ناتوانێت ئەم خاکە و دەستکەوتەکانی زەوت بکات".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەئەنجامی سەردانەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کرد و گوتی: "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئەڵمانیا و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی میونخ زۆر ئەرێنی بوو، بەپێی زانیارییەکانم لەوێدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەڕێز عەبادی باسیان لەوە کردووە کە ببن بەدوو دراوسێی باش بۆ یەکتر، لەوێشدا وەکو شاندی دوو دەوڵەت کۆبوونەوەیان کردبوو، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا لەنێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەست بەگفتوگۆ بکرێت، ھاوکات پێویستە ئێران و تورکیاش لەو راستیە تێبگەن کە دەوڵەتی کوردستان مەترسی نابێت بۆ ھیچ کام لەو دوو دەوڵەتانە، بەڵکو بەپێچەوانەوە قازانجی ھەموو لایەکی تێدایە، ھەرێمی کوردستان خێر و بەرەکەت بووە بۆ ناوچەکە، بەدرووستبوونی دەوڵەتی کوردستان ئاسایش لە ناوچەکە فەراھەم دەبێت".
عەونی گوتیشی: "کاتێک نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی دەوڵەتان پێیانوابوو ناوچەکە سەقامگیر دەبێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا نەتەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەر خەریکی خوێنڕشتن و کوشتارن، بۆیە پێمانوایە کە بەدروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ناوچەکە سەقامگیر دەبێت و میللەتانی ناوچەکە ئاسوودە دەبن، چونکە کورد تەحەموولی ھەمو ئایین و نەتەوەی جیاواز و مەزھەبی جیاواز و رەنگ و زمانی جیاوازی ھەیە، واتا رێز لە بەھای مرۆڤایەتی دەگیرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "سەردانەکان لە چوارچێوەی باسکردنی بوارەکانی ئابووری، سیاسی و چەند بوارێکی دیکەن، بەتایبەت بابەتی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئازادکردنی بەرپرسانی ھەدەپە. بەداخەوە پێشتر قەندیل نەیھێشت کەسایەتییەکانی وەکو سەڵاحەددین دەمیرتاش و ئەحمەد تورک رۆڵی خۆیان ببینن، بۆیە ئەمجارەش لەسەر داواکاری ھەدەپە سەرۆک بارزانی ھەوڵ دەدات کە پڕۆسەی ئاشتی و ئازادی بۆ بەرپرسانی ئەم حزبە کوردیە درووست ببێت".
ئەو گوتیشی: "ھیوادارین کە بەڕێز سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بەگرنگی وەربگرێت، چونکە ئاشتی تاکە رێگایە بۆ سەرکەوتنی ھەر وڵات و ناوچەیەک، بەڵام جارێ نازانرێت بەڕێز ئەردۆغان قبووڵ دەکات یان نا! بەڵام ئومێدەوارم سەرۆک بارزانی بتوانێت بەسیاسەتە نەرمەکەی خۆی قەناعەت و دڵنیایی بۆ بەڕێز ئەردوغان چێبکات".
لە کۆتاییدا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی ئاماژەی بەگۆڕانکارییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی: "لە راستیدا بارودۆخەکە لەبار نەبوو بۆ گرێدانی کۆنگرە، بۆیە بڕیاردرا ئاڵوگۆڕ لە چەند پۆستێک بکرێت، بۆیە دەرگایەکە بۆ خۆئامادەکردن بەرەو ئامانجێکی نەتەوەیی، بۆیە دەتوانم بڵێم گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەمەبەستی ئامانجی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانە".
news_share_descriptionsubscription_contact

