Rewa Mahmood Hasan
09 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2023
سلێمانی - AA
لە بیستەمین ساڵیادی رووخانی رژێمی بەعسدا و لەژێر ناوی"بیست ساڵ پاش رووخانی سەدام چی گۆڕا" پانێڵێک بەبەشداری چەندین رۆژنامەنووس، شرۆڤەکار و سیاسیی ئەنجام درا.
ئەمڕۆ ٩ ی نیسانی ٢٠٢٣ لە ھۆڵی ئۆتێل رامادا لەشاری سلێمانی، بە ھەماھەنگی ھەردوو رێکخراوی میترۆ و بەدیل لە یادی رووخانی رژێمی بەعسدا پانێلێکی تایبەت رێکخرا.
لە پانێلەکەدا کە چەندین رۆژنامەنووس و شرۆڤەکار ئامادەی بوون تیشک خرایە سەر چەندین بابەت کە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بوونەتە جێی باسی میدیاکانی جیھان.
ھەروەک ھۆکارەکانی زیادبوونی پێشیلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەم چەند ساڵەی دواییدا، کە زۆرێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێدەکەن، لە بەشێکی تری پانێلەکەدا تیشکی خرایە سەر.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، یەکێک لەبەشداربووانی پانێلەکە، رۆژنامەنوس و شرۆڤەکار، ئارام سەعید گوتی: " ئەمڕۆ ٩ی نیسان ٢٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر رووخانی سەدامدا، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لەم ماوەیەدا عێراق پێشێلکارییەکی زۆر ھەیە لەجێبەجێ کردنی یاساکان و پاشەکەشە ھەیە لە ئازادی رادەربڕیندا، ھاوکات لە بواری رۆژنامەگەریدا".
ئارام سەعید کە یەکێکە لە رێکخەرانی پانێلەکە، ئاماژەی بەوەدا کە لەماوەی رابردوودا لەلایەن سەنتەرێکی گەورەوە راپرسیەک ئەنجام دراوە لە عێراق کە دەریدەخات ،زۆرینەی خەڵکی عێراق پێوان وایە سەردەمی سەدام باشتر بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری و پاشەکشە لەمافی مرۆڤ و رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، بۆیە ئەمە وایکردووە کە ھاووڵاتی پێی وابێت سەردەمی رژێمی بەعس باشتر بووە، کە لەراستیدا خۆی وانییە، ئەم دۆخەی ئێستا ھەیە، دەرەنجامێکی دەرخستووە کە ئەم دەسەڵاتە جێی متمانە نییە، بروایان بە دەسەڵاتەکانی داداوەری نییە".