Heman Hussein Yaseen
14 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2025
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی خۆیدا، ڕەشنووسی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پەسەند کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێم، پێشەوا ھەورامانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە، بە ڕێژەی سەدا ١٥،٢٥،٥٠ لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سیستەمە نوێیە خۆیان ڕابھێنن.
بەپێی زانیارییەکان نرخی نوێی کارەبا بۆ پێنج قۆناغ پۆڵێنکراون کە لە ٤٠٠ کیلۆواتەوە دەستپێدەکات تا ٢٠٠٠ کیلۆوات و بەم شێوەیە:
یەک تا ٤٠٠ کیلۆ وات نرخەکەی بۆ ٢٤ کاتژمێر ٧٠ دینارە و تێکڕای لە مانگێکدا ٢٨ ھەزار دینارە.
٤٠٠ کیلۆوات تا ٨٠٠ کیلۆوات نرخەکەی ١٠٠ دینارە و تێکڕای لەماوەی مانگێکدا ٢٨ ھەزار بۆ ٨٨ ھەزار دینارە.
٨٠٠ تا ١٢٠٠ کیلۆوات، نرخەکەی ١٧٥ دینارە، تێکڕای لە ماوەی مانگێدا ٨٨ ھەزار بۆ ٢١٠ ھەزار دینارە.
١٢٠٠ تا ١٦٠٠ کیلۆوات، نرخەکەت ٢٦٥ دینارە و تێکڕای لە ماوەی مانگێدا ٢١٠ ھەزار بۆ ٤٢٤ ھەزار دینارە.
١٦٠٠ بەرەو زیاتر، ٣٥٠ دینارە و تێکڕای لە مانگێکدا ٤٢٤ ھەزار و زیاترە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم ھاووڵاتییان بە گشتی پێویستی مانگانەیان بریتییە لە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کیلۆوات و بەم پێیەش ھەر ماڵێک لە نێوان ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ١٣٥ ھەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ دێتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی سێ مانگی یەکەم بڕێکی لێخۆشبوون بۆ ھاووڵاتییان دیارییکراوە، ئەوا لە سێ مانگی یەکەمدا، بڕی پارەی کارەبا کەمتر بۆ ھاووڵاتییان دێتەوە.
پڕۆژەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی ڕاگەیاندرا و تا ئێستا پڕۆژەکە بەردەوامە و بڕیاریشە لە کۆتایی ساڵی داھاتوو سەرجەم ھاووڵاتییان لە پڕۆژەکە سوودمەندبن.
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی سوودمەند بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەندبوو، هەروەها بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵ سەنتەری سەرجەم شارەکان بکرێتە ٢٤ کاتژمێریی.