Zana Natık Kerem
16 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ھەرێمی کوردستانی تووشی نیگەرانییەکی گەورە کردووە و گوتی: "پێمانوایە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی کە پشتی بە یاسایەکی سەردەمی رژێمی پێشوو بەستووە، بنەماکانی فیدراڵیی و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی پشتگوێ خستووە، لەسەر ئەرزی واقعیش قابیلی جێبەجێکردن نابێت".
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی کە یاسای نەوت و گازی لە ھەرێمی کوردستان بە نادەستووریی لەقەڵەم داوە بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسیدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بە نادەستووریی دادەنێت، ھەرێمی کوردستانی تووشی نیگەرانییەکی گەورە کرددووە".
راشیگەیاندووە "پێمانوایە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە پشتی بە یاسایەکی سەردەمی رژێمی پێشوو بەستووە، بنەماکانی فیدراڵیی و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی پشتگوێ خستووە و لەگەڵ گیانی دەستوور و سیستمی فیدراڵییدا نایەتەوە، لەسەر ئەرزی واقعیش قابیلی جێبەجێکردن نابێت".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئەم بڕیارە، ھەروەھا کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز ئاڵۆزتر دەکات کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ھەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە و لە چەند قۆناغێکدا ھەنگاوی بەرەو چارەسەرکردن ناوە.
لە یەیامەکەدا ھەروەھا ھاتووە "پێمانوایە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕی ئەم بڕیارە، دەبوایە بڕیار بدات کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور لەسەر کێشەکان، پرسی نەوت و گاز بگەنە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدا بێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "چاوەڕوانییمان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ھەیە و داوا دەکەین پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و بنەماکانی دەستوور و سیستمی فیدراڵیی رەچاو بکات، بۆ ئەوەی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و نەبنە ھۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سیاسی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بەگشتی دەگەیەنێت".
دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تێڕوانیین لەبارەی دۆسیەی تایبەت بە ھەناردەکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەی رەزامەندی حکوومەتی فیدراڵیی ئەنجامدا کە لە میانیدا بڕیاردا بە نادەستوورییەتی یاسای نەوت و گاز لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ھەر لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رادەستکردنی نەوت بە حکوومەتی فیدراڵیی.