Rewa Mahmood Hasan
30 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2023
سلێمانی - AA
بەمەبەستی کۆبوونەوە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆدەبنەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازل میرانی سەردانی دەباشانی کرد و لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازییان لێکرا.
شاندی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی پێکهاتووە لە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی، شاڵاو عەلی عەسکەری، سکرتێری سکرتاریەتی مام جەلال، قوباد تاڵەبانی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و شاندی پارتیش بەسەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازل میران پێکهاتوون لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، عەلی حوسێن و چەند کەسایەتیەکی تر.
پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتریش چەند جارێکی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی کۆبوونەتەوە و کە دواکۆبوونەوەیان رۆژی نۆی تەمووزی ٢٠٢٣ بوو لە پیرمام، پێش کۆبوونەوەکەی پیرمامیش هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی٢٠٢٣ لە هەولێر کۆبوونەوە.