Rewa Mahmood Hasan
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
لە پەراوێزی بەشداری کردنیدا لە کۆنفرانسی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر پرۆژەی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان کە لە هۆتێل رامادا-ی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواس فایەق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە هەوڵەکانی پەرلەمان کرد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.
سەرەتا رێواس فایەق ئاماژەی بەوەدا کە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لەستراتیژەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی هەبێت پاڵپشتی دەكەین.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری و مانەوەی كیانی كوردەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە توانایەكی ئابوورییەوە هەیە كە بەدەربێت لەنەوت.
رێواس فایەق رایگەیاند کە ناکرێت تەنیا پشت بە کەرتی نەوت ببەسترێت چونکە ئەویش رۆژێک کۆتایی دێت یان ئەگەر تەواو نرخەکەی دابەزی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو تووشی قەیران دەبیت، بۆیە دەبێت ئامادەکاری بکرێت و گوتی، "بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی تری جگە لە بەرهەمی نەوت دەتوانرێت كەرتەكانی دیكەی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار پەرەپێبدرێت و بەهێزبكرێت".