Heman Hussein Yaseen
08 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
ههولێر - AA
کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرۆکایەتی ھەرێم، کۆتایی ھات.
دوای نزیكهی پێنج کاتژمێر، کۆبوونەوەی ھەر سێ لایەنی ناو حکوومەت، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆتایی ھات و بڕیار لەسەر چەند خاڵێک دراوە.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک خراونەتەڕوو لەوانە؛ پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا و دۆخی سیاسیی و خۆپیشاندانەکانی ئێستای ھەرێم.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە شاندێکی ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر-بەغدا بەتایبەت بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیی بووە لە راگرتنی ھێرشی میدیایی بۆ سەر یەکتر و کاراکردنی رۆڵی پەرلەمانیش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.
کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکرد و شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی بوو و شاندی بزووتنەوەی گۆڕانیش رێکخەری بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی سەرۆکایەتیی کرد و بڕیاریشە راگەیەندراوێکی ھاوبەش بڵاوبکەنەوە.