Sarmand Hameed
08 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماری نوێی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ٣٥٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو ھەزار و ٩٨٥ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ئەنجامی ٣٥٦ پشکنین پۆزەتیڤ بووە و نۆ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:
پارێزگای ھەولێر، ٨٩ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ٧٣ تووشبوو، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ١٧٦ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، چوار تووشبوو.
ئیدارەی گەرمیان، ٢٠ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی راپەڕین، سێ تووشبوو.
هەروەها ئاماژە بەوەدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٩٥ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، ٨٤٩ ھەزار و ٥٤٩ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکراشیکردووە کە کۆی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە ٩٩ ھەزار و ٢١٤ حاڵەت و تا ئێستا سێ ھەزار و ٢٤٣ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.