Zana Natık Kerem
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق رایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣وە توانیویەتی، ٩٥ ھەزار دیلی جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق-ئێران بگەڕێنێتەوە وڵاتەکانیان و ئاماژە بەوەیش دەکات کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی کارو و چالاکییە مرۆییەکانیان لە عێراق.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بەسەر کردنەوەی نووسینگەی خۆی لە عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "ئەمساڵ ٤٠ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونمان لە عێراق تێپەڕدەبێت و بەو بۆنەیەوە پابەندبوونی خۆمان بۆ یارمەتیدانی کەسانی لێقەوماو و زیانڵێکەوتووی جەنگ و توندوتیژییەکان لە عێراق دووپات دەکەینەوە".
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا جەختی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا، بەردەوام پاڵپشتیی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە بە ئامانجی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بێ سەروشوێن بوون و جگە لەوەیش بەردەوام بەدواداچوونی بۆ رەوشی مرۆیی ئەو کەسانەدا کردووە کە دیلکراون.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق باسی لەوەشکردووە کە بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بە کەسانی لێقەوماو و زیانڵێکەوتووانی توندوتیژیی.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا هەروەها بەشێک لەو کارو چالاکییانەی کە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا لە عێراق ئەنجامیداوە خستووەتەڕوو و ھاتووە "لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣وە توانیومانە، ٩٥ ھەزار دیلی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بگەڕێنینەوە وڵاتەکانیان، جگە لەوەیش لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ و ٢٠١٩دا، ٦٦ ھەزار و ٢٩٠ پەلی دەستکردمان بەسەر کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت دابەشکردووە".