Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن ھینداوی رایگەیاند کە چاودێرکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، مانای سەرپەشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە نییە.
عەبد حوسێن ھینداوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە چاودێرکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە لە ھەموو جیھان ھەیە و عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە چاودێری پرۆسەکە بکات و گوتی:
"نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و چاوێریکردنی پڕۆسەکە دووپاتکردووەتەوە".
گوتیشی: "چاودێریکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە مانای سەرپەشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە نییە، بەڵکو تەنھا چاودێریکردنە".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن ھینداوی باسی لەوەشکرد کە لەسەر ئاستی ناوخۆ ھەریەک لە تۆڕەکانی شەمش، حامورابی و تەمووز هەروەها تیمەکانی پارێزەران چاودێری پرۆسەکە دەکەن و گوتی:
"لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، چاودێری پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان دەکرێت، بەڵام ئەمە زیان بە سەروەریی وڵات ناگەیەنێت، تەنانەت پارتەکانیش لە رێگای بریکارەکانی خۆیانەوە چاودێریی ھەڵبژاردنەکە دەکەن".
گوتیشی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، خۆی پلان و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دادەنێت، بەو پێیەی پرسەکە تایبەتە بە عێراقییەکان و ئەنجامدانیشی تەنھا بەرپرسیارێتیی عێراقییەکانە".
عەبد حوسێن ھینداوی راشیگەیاند کە دیدار لەگەڵ شاندی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ھونەری، لۆجستیی و چاودێریکردن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت و گوتی:
"یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمیسیۆن و ژمارەیەک دامەزراوەی دەوڵەت ھەیە".
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.