Zana Natık Kerem
04 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2024
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری ڕایگەیاند کە حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە پشتگوێخستن و چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ھادی عامری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "دووپات دەکەینەوە کە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بووەتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی گەلی عێراق و پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەری عێراقە".
ڕاشیگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە پشتگوێخستن و چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ھادی عامری لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیشی خستووەتەڕوو: "بە توندی سەرکۆنەی ئەو تاوانە قێزەوەنە دەکەین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەمریکا بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدای پایتەخت ئەنجامی داوە و بەھۆیەوە فەرماندەی حەشدی شەعبی، ئەبو تەقوا سەعیدی و پاسەوانەکانی کوژراون".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارەگای لۆجستنی لیوای ١٢ بزووتنەوەی نوجەبا سەربە حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی بەغدا، بۆردومان کرا و بەھۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی، موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە (ئەبو تەقوا) لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی کوژران، ھەروەھا پێنج چەکداری دیکەش برینداربوون.