Muhammet Ali Kemal
16 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2016
کڵێسای سانت ساڤا کە ١٢٢ ساڵ لەمەوبەر دەست بە درووستکردنی کراوە و تا ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە، دەبێتە گەورەترین کڵێسای ئۆرسۆدۆکسەکان لە ناوچەی بەلقان و دەکەوێتە شاری بەلگرادی پایتەختی سربیا.
ئەو کڵێسایە کە بەناوی دامەزرێنەری کڵێسای سربی ئۆرسۆدۆکسەکانەوە، سانت ساڤا ناونراوە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی کارەکانی مۆزایکی ناوەوەی، کۆتایی بە کارەکانی بێت.
کڵێساکە لەو شوێنەدا کە رووفاتی سانت ساڤای لێبووە، درووستکراوە. دەگێڕدرێتەوە کە رووفاتەکەی لەلایەن سینان پاشاوە کە یەکێکە لە فەرمانڕەواکانی عوسمانی لە ساڵی ١٥٩٤دا سووتێنراوە. لەئێستاشدا کڵێساکە وەک یەکێک لە سیمبولەکانی شارەکە دێتە ئەژمارکردن.
لە ٣٠٠هەمین ساڵیادی سووتاندنی رووفاتی سانت ساڤادا و لەساڵی ١٨٩٤دا دەست بە درووستکردنی کڵێساکە کراوە، بەڵام بەهۆی جەنگە جیهانییەکان، دواتریش بەهۆی گۆڕانی بەردەوامی سیستمە سیاسییەکانەوە، درووستکردنی کڵێساکە نەتوانراوە تەواوبکرێت.
پەرستگاکە لەسەر گردێکی بەرز درووستکراوە کە بەسەر بەلگراددا دەڕوانێت و بەهۆی تەواوبوونی رووکاری دەرەوەی بووەتە گرنگترین سیمبولی شارەکە. بڕیاریشە بەشی کۆتایی درووستکردنی کڵێساکە کە بریتییە لە کارەکانی مۆزایکی ناوەوە لە ٨٠٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی سربیدا لەساڵی ٢٠١٩دا تەواو ببێت.
کڵێساکە لەسەر ستایلی ئەندازیاریی سربی-بیزەنتی درووستکراوە و توانای لەخۆگرتنی ١٠ هەزار کەسی هەیە. لەگەڵ تەواوبوونیدا دەبێتە گەورەترین کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ناوچەی بەلقان.