Rewa Mahmood Hasan
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
بەبۆنەی هاتنی شەوی یەڵدا وەک درێژترین شەوی ساڵ و، هاوکات ناساندی شاری سلێمانی وەک شاری داهێنەری ئەدەب، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی رێورەسمێکی رێکخست.
شەوی یەڵدا کە هاوکاتە لەگەڵ درێژترین شەوی ساڵدا، رێورەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت و لە هەرێمی کوردستانیش یادکردنەوەی ئەمشەوە، چەندین بۆنە و چالاکی بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمی شەوی یەڵدای ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ناساندنی شاری سلێمانی وەک داهێنەری ئەدەب لە رێکخراوی یونسکۆ، بەتێهەڵکێشکردنی هەردووک بۆنەکەوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئاهەنگە مەڕاسیمێکی لە هۆڵی هونەری سلێمانی بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەدیبان، هونەرمەندان، شاعیر و کەسایەتی شار، رێکخست.
لە رێوڕەسمەکەدا چەندین چالاکی هونەری وەک کۆنسێرتی گۆرانی، کۆڕی شیعر خوێندنەوە بە یاوەری موزیکی تایبەت بە شەوی یەڵدا، لێنانی چێشت و پێشکەشکردنی بە ئامادەبووان، پێشانگای فۆتۆگرافی، سەماتی تایبەت بە کورد و خەڵاتکردنی هونەرمەندان و شاعیران و هونەردۆستان ئەنجامدرا.
شەوی یەڵدا شەوێکی تایبەتە بۆ هەندێک ناوچەی وەک هەرێمی کوردستان و ئێران، ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی زستان روودەدات، لە کولتووری فارسدا جەژنێکە لە درێژترین و تاریکترین شەودا، بەڵام لە کوردیدا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەدواین شەوی پایزدا لەنیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و رۆژ درێژدەبێتەوە، بەشێک لە شاعیرانی کورد و فارسیش ئاماژەیان بەو شەوە کردووە.
لە هەندێک ناوچەکانی فارس خەڵکی بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان ئامادەدەکەن بەرلەهاتنی، خەڵکی کەلوپەل و خواردنی تایبەتی دەکڕن یەکێک لە تایبەترین خواردنەکان شوتییە.
بەشێوەیەکی گشتی بەیەکەم شەوی زستان دەگوترێت یەڵدا، لەم شەوەدا ماوەی ١٤ کاتژمێر، تاریکی نیوەی گۆی زەوی دەگرێتەوە، لەلایەکی دیکەوە کورتترین رۆژی ساڵ دەبێت، لە کۆندا بارینی بەفر لەو شەوەدا بەنیشانەی ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت دادەنرا.