سلێمانی
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ لە پارکی سەرەکی شارۆچکەی دەربەندیخان ٦٨ کم باشووری شاری سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ھونەرمەندان و بینەران دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
لەفێستیڤاڵەکەدا تیپی وڵاتانی دەرەوە ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ھەنگاریا، ئەرجەنتین، چیلی، ئێران، میسر، عێراق بەشدارن، لەناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش چەند تیپێک لە شارەکانی سلێمانی، ھەولێر، دھۆک، کەرکوک، دەربەندیخان، کۆیە، کەلار، کفری بەشدارن.
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھونەری گەرمیان عەباس عەبدولڕەزاق بۆ AA گوتی: "فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقامە لە دەربەندیخان ساز دەکرێ، ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە زۆر لەساڵانی پێشتر پێشکەوتووترە و ژمارەیەکی زیاتری بینەران ئامادەییان ھەیە."
عەباس عەبدولڕەزاق داوای کرد دەربەندیخان بکرێتە پایتەختی شانۆی سەرشەقام: "ئەم فێستیڤاڵە وەک فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی جێگیر بووە، بۆیە ھەق وایە دەربەندیخان بکرێتە پایتەختی شانۆی سەرشەقام لەجیھاندا."
پێشتر لیژنەی باڵای فێستیڤاڵ بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکە چەند مەرج و رێنماییەک دیاریکردبوو: "بەرھەمە شانۆییەکان دەبێت مەرجی فیستیڤاڵی شەقامیان تێدا بێت، خەرجی بەرھەمە شانۆییەکان و کرێی کار پاش ئەوە دەدرێت کە لە لایەن لیژنەی ھەڵبژاردنەوە بەرھەمەکە پەسەند دەکرێت و وەردەگیرێت. خەرجی تەواوی بەرھەمە شانۆییەکانی ناوەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی بەرێوەبەرایەتییە رۆشنبیریەکانی سنوووری کارکردنیان".