Yunus Kaymaz
30 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2021
ئیستانبوڵ- AA
لە رۆژی شەشەمی ئۆڵۆمپیاتەکانی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ بۆ کێبڕکێی مەلەوانی، لە میانەی مەلەوانی ٤x٢٠٠ مەتری ئافرەتاندا تیمی چین بە حەوت خولەک و ٤٠ چرکە و لە سەدا ٣٣ی چرکەیەک بووە براوەی یەکەم و مەدالیای زێڕی بەدەستھێنا.
دوای ئەویش تیمی ئەمریکا بە حەوت خولەک و ٤٠ چرکە و لە سەدا ٧٣ی چرکەیەک مەدالیای زیو و تیمی ئوستورالیا بە حەوت خولەک و ٤١ چرکە و لە سەدا ٢٩ی چرکەیەک مەدالیای بڕۆنزی بەدەستهێنا.
لە کێبڕکێی یەک کەسی کوڕانیشدا مەلەوانزانی ئوستورالی، ئیزاک ستەببلێتی کووک بە دوو خولەک و شەش چرکە و لە سەدا ٣٨ی چرکەیەک ماوەی ٢٠٠ مەتری بڕی و مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
لە کێبڕکێی یەک کەسی ئافرەتانیشدا، مەلەوانزانی چینی، یوفەی ژانگ بە دوو خولەک و سێ چرکە و لە سەدا ٨٦ی چرکەیەک ماوەی ٢٠٠ مەترەکەی بڕی و ژمارەی پێوانەیی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی تۆمار کرد.
هاوکات لە مەلەوانی ١٠٠ مەتری کوڕاندا، یاریزانی ئەمریکی، کایلێب درێسێل بە پلەی ٤٧،٠٢ ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
هەروەها لە مەلەوانی ٨٠٠ مەتری کوڕاندا یاریزانی ئەمریکی، رۆبێرت فینک توانی ماوەکە بە حەوت خولەک و ٤١ چرکە و لە سەدا ٨٧ی چرکەیەک ببڕێت و مەدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.
لە لایەکی دیکەشەوە و لە میانەی کێبڕکێکانی نیشانەشکێنیدا یاریزانی وڵاتی سان مارینۆ، ئالێساندرا پێریلی توانی مەدالیای بڕۆنز بەدەستبهێنێت ئەمەش بۆ جاری یەکەمە لە مێژوودا ئەو وڵاتە لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتدا مەدالیا بەدەستبهێنێت.
سان مارینۆ، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٤ هەزار کەسە وەک بچووکترین وڵاتی براوەی مەدالیای یارییەکانی ئۆڵۆمپیات ناوی چووە مێژووەوە.