Sangar Hamad Azeez
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
لە پاڵەوانێتی ئوستڕاڵیای كراوە بۆ یاری تێنس لەسەر ئاستی پیاوان یاریزانی سویسری رۆجێ فێدێرێر خۆی گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی كاتێك بە سێ كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە یاریزانی چیكی تۆماس بیردیجی بردەوە.
كۆمەڵەی یەكەمی یاریەكە بەهێز دەستی پێ كرد و رۆجێ فێدێرێر بە زەحمەت توانی بە ئەنجامی ٧-٦ كۆمەڵەكە بباتەوە.
بەڵام دواتر فێدێرێر باڵادەستی خۆی بەسەر یاریەكەدا سەپاند و دوو كۆمەڵەكەی دیكەی بە ئەنجامی ٦-٢ ، ٦-٤ بردەوە.
فێدێرێر بەرامبەر براوەی یاری نێوان نۆڤاك جۆكۆڤیچ و كی نیكیشۆری یاریدەكات كە ئەمڕۆ بەیەك دەگەن.
لەسەر ئاستی كچانیش لە بەهێزترین یاری رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانێتیی ئوستڕاڵیای كراوە بۆ تێنس، یەكەمی ریزبەندی جیهان سێرینا ویلیامزی ئەمەریكی لە ماریا شاراپۆڤای رووسی بردەوە.
بە پێچەوانەی پێشبینییەكان سێرینا ویلیامز زۆر بە ئاسانی یاریەكەی بە دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە كچە یاریزان ماریا شاراپۆڤا بردەوە.
ئەنجامی كۆمەڵەكانیش ٦-٤ ، ٦-١ بوو.
لە یاری پێش كۆتاییش سێرینا رووبەڕووی رادڤانسكای پۆڵەندی دەبێتەوە كە لەلای خۆیەوە لە كارلا سوارێزی بردەوە بەهەمان ئەنجام.
سێرینا ویلیامز بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی ئەم نازناوە، چونكە پێشتر شەش جاری دیکە بەدەستی هێناوە.