ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) دەڵێ ناخوازێ کوردەکان شوێن و وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و نیشتمانەکەیان چۆڵبکەن، بەڵام کە ئێستایش ناچارن لێی ھەڵێن پێویستە ھەرێمی کوردستان شوێن و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات.
دەقی لێدوانە نووسراوەکەی بارزانی
وەک ھەموو لایەک ئاگادارن لە چەند مانگی پێشوودا و ھەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سوریاوە دەیان ھەزار لە خوشک و برا کوردەکانی ڕۆژئاوا ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و لە کەمپەکاندا نیشتەجێ بوون. بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەک پێویست ئاوڕی لەو پەنابەرانە نەداوەتەوە کە پەنایان بۆ ھەرێمی كوردستان ھێناوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا بەھۆی ئەو گرفتانەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ھەن ژمارەیەکی زۆری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویان کردووەتە ھەرێمی کوردستان. لێرەدا دەمەوێت سپاس و دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم بکەم بۆ وەرگرتنی پەنابەران و یارمەتیدانیان و گواستنەوەیان بۆ ناو ھەرێمی کوردستان. لەگەڵ ھەموو ئەوانەیشدا ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشک و برای کوردمان لە ڕۆژئاوا بابەتێکی ھەستیارە و ئێمە نامانەوێ ڕۆژئاوا چۆل بکرێت و کوردی تێدا نەمێنێ. مانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا پێویستە بۆ ئەوەی داو و مافە نەتەوەییەکانی نەکەونە ژێر مەترسییەوە. وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤانە دەبێ ھەموو لایەکمان بەپیر ئەو خەمە بڕۆین و داوا لەو کەس و لایەنانەی کە توانایان ھەیە و ھەروەھا داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بن لە یارمەتیدان و نیشتەجێکردنی ئەو خوشک و برا ئازیزانە کە لەبەر ستەم و کاولکاریی پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیھانییە مرۆڤدۆستەکانیش دەکەم کە لە یارمەتیدان و بەھاناچوونی پەنابەراندا ھاوکارمان بن چونکە حەواندنەوە و دابینکردنی پێداویستیی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بارێکی قورسە لەسەر شانی ھەرێم و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کار بە ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی لەمەڕ پەنابەران بکات.
مسعود بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١٨ـی ٨ـی ٢٠١٣