بەغدا
لە ئەنجامی ھێرشی دوو خۆکوژ بۆ ناو ماڵی فەرماندەی ھێزەکانی سەحوە لە قەزای تارمیەی باکووری بەغدا شێخ سەعد جاسم ئەلمەشھەدانی، ٢٣ کەس کوژران کە بیست و یەکیان لە ھێزە سەربازیەکانن و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی لەناویاندا ھەن ١٥ی دیکەش برینداربوون، بەڵام فەرماندەی ھێزەکانی سەحوە لەو ھێرشە رزگاربوو.
سەرچاوەیەکی ھێزەکانی پۆلیسی تارمیە بۆ AA راگەیاند: ئەم ھێرشە لەکاتی ئێوارەخوانێک روویدا کە لەلایەن فەرماندەی ھێزەکانی سەحوە لە تارمیە بۆ ھێزەکانی سوپا ئامادەکرابوو، ھەروەھا گوتی: "لەکاتی چونە ژوورەوە خۆکوژەکان کە جل و بەرگی ئەفسەرانی سوپایان پۆشیبوو خۆیان لەناو خانووکە تەقاندەوە و لە ئەنجامدا فەرماندەی لیوای ٢٢ی فیرقەی شەش عەمید روکن محەمەد عەبدولسەتار و ئامر فەوجی کۆماندۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا موقەدەم روکن ئەیاد ناسر و ئەفسەرێکی ھەواڵگری بەناوی ئەحمەد سەدام و ئەفسەرێکی دیکە و ژمارەیەک سەرباز و پۆلیس و ئەندامانی ھێزەکانی سەحوە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون."
سەرچاوەیەکی تەندروستی نەخۆشخانەی تارمیەش بۆ AA ئاشکرایکرد برینی ژمارەیەک لە برینداران سەختە بۆیە چاوەڕێی بەرزبوونەوەی رێژەی کوژراوان دەکرێ.