Orhan Pehlül
25 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2022
ئادیامان - AA
رووبەری بیرەجیک لە رووباری فورات کە دەکەوێتە سنووری کارگێڕی قەزای بەسنی لە پارێزگای ئادیامان لە ١-٧ی تشرینی یەکەم میوانداری ماراسۆنی سەوڵ لێدان دەکات.
لە میانی ئەو پڕۆژەیەی بە هەماهەنگی لەنێوان پارێزگای ئادیامان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش و لاوانی ئادیامان، ئاژانسی گەشەپێدانی ئیپەکیۆڵو کە سەربە وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیایە ئامادەکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەنجامدانی ماراسیۆنی سەوڵ لێدان لە رووباری فورات کە تەواوی وەرزشوانانی سەوڵ لێدانی تورکیای بۆ بانگهێشت دەکرێن تەواو بوو.
ماراسۆنەکە کە لە گوندی کزلین-یەوە دەست پێ دەکات و بە گوندی ساڤاشان و رومەکالەدا تێپەڕ دەبێت تاکوو خەلفەتی بەردەوام دەبێت.
پێشبڕکێکاران لەو ماراسۆنەدا، ٤٠ کیلۆمەتر دەبڕن و لە کاتێکدا لە کێبڕکێدا دەبن، هاوکات دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە ئەو ناوچە گەشتیاری و مێژووییانە ببینن کە مێژوویان بۆ چاخی بەرایی درێژ دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوانی ئادیامان، فیکرەت کەلەش رایگەیاند کە لەبەرنامەیان دایە گەشتیاری وەرزشی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو گرنگی پێ بدەن و گوتی: "دەمانەوێت لە رێگای ماراسۆنی سەوڵ لێدانەوە ئادیامان بکەینە ناوەندی ئەم جۆرە وەرزشە".
رێکخەری نووسینگەی پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان لە ئادیامان لە ئاژانسی گەشەپێدانی ئیپەکیۆڵو، ئۆنور یڵدز بە ئاماژەدان بەوەی کە ماراسۆنەکە لە گوندی کزلین لە قەزای بەسنی-یەوە دەست پێ دەکات و لە خەلفەتی کۆتایی دێت، گوتی: "ئەم پڕۆژەیە بۆ پەرەپێدان بە گەشتیاریش گرنگە. ئاوی ئێرە ئاوی پاکە و هی خواردنەوەیە، دەمانەوێت بە رەچاوکردنی دۆخی سروشتی ناوچەکە لە رووی گەشتیارییەوە پێشی بخەین".