Ekip
02 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2020
دھۆک - AA
له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی لە ٢ی ئایار دەست بە خوێندنی ئه‌لیكترۆنی بكرێت، ئەمرۆ زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگا حکوومی و ئەھلییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستیان بە خوێندن بەم سیستەمە كرد.
له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی، بەرێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک، سەرکەوت رەشید له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگه‌یاند: "ئێمە دەمێکە خۆمان بۆ ئەم سیستەمە ئامادەکردووە، سەرجەم ماموستایانمان خولی تایبەتیان بینیوه له‌باره‌ی سیستەمەكه، و ھەر مامۆستایه‌ك ئەرکی روونکردنەوەی سیستەمی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی بۆ قوتابییه‌كانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت".
سەرکەوت رەشید له‌باره‌ی وانە پراکتیکییەکانیشهوه گوتی: "چاوەڕێ دەکەین له‌گه‌ڵ باشبوونی بارودۆخەکەدا، قوتابییەکان بچنه‌وه نێو تاقیگەکان و ئەو وانانە بخوێنن، بەڵام ئەگەر هات و دۆخه‌كه باش نەبوو، مامۆستا بە ته‌نها دەچێتە نێو تاقیگەکان، وانەی پراکتیکی بە شێوەی ڤیدیۆ بو قوتابییەکانی تۆماردەکات و له سیسته‌مه‌كه‌دا دایده‌نێت، قوتابییانیش دەتوانن لە ماڵەکانیانه‌وه، تەماشای وانه‌كان بکەن".
لای خۆیه‌وه مامۆستای زانکۆ، دکتۆر نەوزاد سادق ئەحمەد له‌باره‌ی هه‌مان پرس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و رایگه‌یاند: "ئەم سیستەمە جێگرەوەیەکی زۆر باشە بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە ماڵەکانیانه‌وه، چونکە ئه‌مساڵ قوتابییان لەسەدا شەست زیاتری وانەکانیان خوێندووه، بۆ ئەو وانانەی که نهیانخوێندوون، دەتوانن بە باشترین شێوە به‌م سیسته‌مه سودی لێ ببینن".
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری ده‌ستپێكردنی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی به‌شێوه‌ی پاڵپشتیكار له رۆژی ٢ی ئایاره‌وه دابوو.