İdris Okuducu
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
مووسڵ - AA
لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی کە لە رۆژئاوای مووسڵ گیریان خواردبوو، بۆ ناوچە ئارامەکان گواستراونەتەوە.
لە دەیەمین رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رۆژئاوای مووسڵ، دەست بە گواستنەوەی ھاووڵاتی مەدەنی بۆ کەمپەکان کراوە کە ماوەیەک لەمەوبەر دروست کرابوون.
رێگەی وشکایی نێوان مووسڵ و بەغدا بەھۆی خەندەقەکانی داعشەوە داخراوە و بەو ھۆیەوە ئەو ھاووڵاتیە مەدەنییانەی لە لایەن ھێزەکانی عێراق رزگار دەکرێن بە پاس بۆ کەمپەکان دەگوارزێنەوە.
لە ناوچەی حەمام عەلیلی باشووری موسڵ، نزیکەی ١٠ کەمپ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکراوە و رۆژانە ھەزاران ھاووڵاتی مەدەنی شارەکە بە پاس بۆ ئەو کەمپانە دەگوازرێنەوە.
بەرپرسی گواستنەوەی ئاوارەکان بۆ کەمپەکان، جەنەراڵ حەسەن عەلی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی کە لە ٩٠٠ خێزان پێکدێن، بۆ کەمپەکان گواستراونەتەوە".
حەسەن عەلی ئاماژەی بەوە دا کە ھاووڵاتی مەدەنی تەنھا لێکۆڵینەوەی ئەمینیان لەبارەیەوە دەکرێت و دواتر پێداویستیەکانیان دابین دەکرێت و چادریان پێدەدرێت.
-"ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانەی ھەڵدێن لە لایەن قەناسەکان دەکرێنە ئامانج"
عەقید مورتەزا سالم شەمەری فەرماندە لە سوپای عێراق لەبارەی دۆخی گواستنەوەی ھاووڵاتیانی مەدەنی بۆ ناوچە ئارامەکان، رایگەیاند ئەو ھاووڵاتیانەی لە ماڵەکانیان ھەڵدێن، لە لایەن داعشەوە دەکرێنە ئامانج.
شەمەری گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانەی ھەڵدێن لە لایەن قەناسەکان دەکرێنە ئامانج".
ھاووڵاتییەک بەناوی مستەفا محەمەد کە لە گەڕەکی تەل رومان لە موسڵ ھەڵاتووە، ژیانی دوو ساڵی خۆی لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش باس کرد و گوتی: "رەوشی مرۆڤەکان زۆر خراپە. لوقمە نانێکمان نەبوو بۆ خواردن. ئاوی خاوێن زۆر کەم بوو. مرۆڤەکان مردن پشتگوێ دەخەن و ھەوڵ دەدەن ھەڵێن و رزگار بن. نرخی یەک کیلۆگرام شەکر نرخی ١٢ دۆلار بەرز ببووەوە. لەوەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ، نەمانتوانی لە ماڵەکانمان دەربچین. دوای ھاتنی ھێزەکانی ئەمنی، توانیک بە تەنیا رابکەم. بەھۆی ترسی مردنەوە منداڵەکانم لەگەڵ خۆی نەھێناوە".
ھاووڵاتییەکی دیکە بەناوی حەمید ئەحمەد محەمەد کە لە گەڕەکی شوھەدای مووسڵ ھەڵاتووە و منداڵێکی نەخۆشی لە باوشە، رایگەیاند: "ئێمە رزگار نەکراین، بەڵکو بە ھەوڵەکانی خۆمان توانیمان رابکەین. داعش ھەستی بە لاوازبوونی خۆی کردووە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە ١٩ی شوباتی ٢٠١٧ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بەشی رۆژئاوای مووسڵی لەدەست داعش راگەیاندبوو.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دوێنی ئاشکرای کرد کە لە وەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ تاوەکو دوێنێ، ٢٣٥ ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی ئاوارە بوون.